ئەمریکا پاداشتی ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ گرتنی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی تەرخان دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە، ڕاگەیاندنی پاداشتێکی نوێی تا بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستنیشانکردنی شوێنی حەیدەر مەزهەر، ناسراو بە حەیدەر غەراوی، سەرۆکی "ئەنساروڵڵای ئەوفیا" ڕاگەیاند.وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە غەراوی سەرکردایەتیی گرووپێک دەکات کە واشنتن تۆمەتباریان دەکات بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و تێوەگلان لە کوشتنی مەدەنییە عراقییەکان و سەربازانی ئەمریکی. هەروەها دەڵێت: "هاوکارمان بن لە ڕاگرتنی ئەو تیرۆریستە.. زانیاری بنێرن".ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی ئەمریکادایە بۆ بەئامانجگرتنی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق؛ بەجۆرێک کە هەینیی ڕابردووش واشنتن پاداشتێکی هاوشێوەی بە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار لە بەرامبەر زانیاری دەربارەی هاشم فینیان ڕەحیم سەراجی، ناسراو بە ئەبوو ئالا وەلائی، سەرۆکی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە عێراق ڕاگەیاند.