هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ورمێ بە ناوی مەنسوور سەلامەت، دوای گرتن و شکەنجە و فشاری دەروونی لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی ڕژیم لە ئەو شارە گیانی دا.
ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، مەنسوور سەلامەت، خەڵکی گوندی "پسان" لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، لە ناوەندێکی ئەمنی ڕژیم لە شاری ورمێ، لەژێر شکەنجە گیانی دا.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکانی نزیک لە خانەوادەی قوربانییەکە، مەنسوور سەلامەت بە تۆمەتی "ڕاگرتنی چەکی ڕاوکردن" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم گیراوە. ئەم هاووڵاتییە لەژێر فشار و شکەنجەدا تووشی سەکتەی دڵ بووە و گیانی داوە.
دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیم لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە خانەوادەی مەنسوور سەلامەتیان ئاگادارکردەوە کە کوڕەکەیان تووشی سەکتەی مێشک بووە و بەهۆی فشار و دڵەڕاوکێیەوە گیانی داوە.