کامیل نورانی فەرد
مانگی پووشپەرەو جارێکی دیکە ئەو رۆژە پڕ نەهامەتیەی کە مامۆستای زانا و رێبەری بلیمەت و سەرکردەی کاریزمای نەتەوەکەمان جەنابی مامۆستا شێخ جەلالی
کامیل نورانی فەرد
مانگی پووشپەرەو جارێکی دیکە ئەو رۆژە پڕ نەهامەتیەی کە مامۆستای زانا و رێبەری بلیمەت و سەرکردەی کاریزمای نەتەوەکەمان جەنابی مامۆستا شێخ جەلالی حسێنی بەرەو دوامەنزڵگەی ئەبەدی کۆچی کرد و بەجەستە ماڵئاوایی لێکردین.
کەسایەتی و ژیانی مامۆستا شێخ جەلال، لەهەموو رەهەندەکان پڕن لە لاپەڕەی هەڵنەدراوە و تا هەنووکەش نەتواندراوە بنەمافکریی و هزرییەکانی و هاوکات پراکتیک و کرداری بەرێزیان و بە گشتی ژیانی سیاسی بە تەواوی شەن وکەو بکرێ و تیشک بخرێتە سەر هەموو لایەنەکانی مێژووی پڕ لە شانازی مامۆستا هەرگیز نەمر.
مامۆستا داهاتێکی نەتەوەیی بوو کە لەماوەی ژیانی سەربەرزانە و پڕ لە وانەی فیداکاریی و شۆڕشگێرانەی روحی بەبەر باوەر و تیئۆرییەکانیدا کرد و ئەوەی بڕوای پێی هەبوو توانی بە کردەوەش لە کاری سیاسی و شۆڕشگیرانەدا کاری پێ بکات و نرخی تێچووەکانیشی بدات.
بێ بۆنە نیەو زۆری پێویستە لە ئێستای بازاری شێواوی جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران تەوەری بنەما فکرییەکانی جەنابی مامۆستا، و هەڵویستی شێلگیرانە لای بەرێزیان و مانەوە لەسەر ئوسولە سیاسەکان بە باشی لێک بدرێتەوەو بۆ ئەمرۆ ببێتە وانەیێک بۆ لێوە فێر بوون.
بنەماکانی دەرس و ئەزمونەکانی مامۆستا پێکهێنەری نەزم و ئۆرگانیک و سیستەمن و بۆ بەردەوامی ژیانی کۆمەلایەتی گرینگی و بایەخێکی زۆریان هەیە، بۆیە تاکی ئەمرۆیی لەسەر ئەساسی ئەو بنەما پێش وەخت دیاری کراوانە هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێ و بەو بنەمایانە ئەوانی تر دەیناسنەوە و پێناسەی بۆ دەکەن و دەتوانین وەک بەشێک لە یاسا گشتیەکان، و رێکەوتنی کۆمەڵایەتی پێناسەی بۆ بکەین.
ئەگەر بنەما سەرەکیەکان هەر رۆژە گۆڕانیان بەسەردا بێ نەزمی ئۆرگانیکی کۆمەڵگا دەشێوێندرێ و بێ پرەنسیپی و ئالۆزی پەرەی پێدەدرێ.
ئەو راستیە نەک لە ئاستی گشتی دا بەڵکو لە ئاستی تاکیش دا هەر راستە و هەر تاکێک پێویستە لە رەوتی ژیانی دا خاوەنی کۆمەڵیک بنەما و هەڵوێستی روون بێ و بە ئامانجی خزمەت و پێش کەوتنی زیاتری کۆمەلگا بە کاریان بێنێ، و ئەو بابەتە بۆ تاکی سیاسی و بەتایبەتیش بۆ رابەر و سەرکردە بە حوکمی ئەوەی ژیانی کەسانی دیکە دەخاتە ژێر کاریگەریی، یەکجار حەیاتی و زەرورییە. هەر بۆیەشە نەبوونی بنەما و بە پێی قازانج گۆرینی بنەماکان لە کەرتی سیاسەت زیانی گەورەی بۆ کۆمەلگا بەدواوە دەبێ.
سیاسەت زانستێکی تیئۆرییە کە لە رێگەی فێرکارییەوە دەگوازرێتەوە و تەنیا بەشێکی زۆر کەمی تەرخان کراوە بۆ ئەوەی زانستەکە بە باشی بگوازرێتەوە و ئەرک و کارە سەرەکیەکە دوای چوونە ناو سیاسەت و دونیای سیاسەت لە لایەن تاکەکانەوە دەست پێدەکات.
سیاسەت بریتیە لە کۆمەڵە زانیاریی و تاکتیک و رێوشێنێک کە مرۆڤ بۆ خزمەتی باشتر و ئیدارەی کۆمەلگا پێویستە لەبەرچاویان بگرێ و بەکاریان بێنێ. بەڵام لەو زانیاریی و رێوشوینانە گرینگتر خودی ئەو تاکانەیە کە دەچنە ناو مەیدانی سیاسەت و ئەرکی بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگا دەگرنە ئەستۆ. زانیاریی و رێوشوێنەکان لە زۆر بەش دا نەگۆرن و جێگیرن و ئەوەی رەنگ و بۆ و روحیان پێدەبەخشێ، کەسایەتی و تایبەتمەندییە کەسیەکانی ئەکتەرە سیاسیەکەیە.
بەو پێیە تەنیا شارەزایی لە فەننی سیاسەت تەواو نییە بۆ کەسی سیاسیکار، بەڵکو کەسێتی بەرز و پڕ لە ئەخلاق و رەوشتی پەسەند دەتوانێ دواجار لەسەر سیاسیکاری باش و سەرکەوتوو و سیاسیکاری نەشیاو یەکلایکەرەوە بێ.
بەرنامە و پرۆگرامەکان زۆر جار وێرای کەم و کوریش بوونەتە مایەی خێر و بێر بۆ کۆمەلگای مرۆڤایەتی، بەڵام زۆرجار کەسایەتی ئەکتەرە بەرێوەبەرەکانی بەرنامە جۆراوجۆرەکان دەوری سەرەکیان بووە لە پێشاندانی جۆرەکانی بەرنامە و پرۆگرامەکان. بەدرێژایی مێژوو مەکتەبە جۆراوجۆرەکانی ئاسمانی و دەسکردی مرۆڤ بەرزی و نزمیان بینیوە لە ئاستی خۆشەویستی و خەڵک پەسەندی و یان ناخۆشەویست بوون و بێزاری لە بەرنامە و مەکتەبەکان، و ئەوەش تەنیا بە هۆی سیاسیکاران و رەفتارە کەسێتیەکانی سیاسیکاران بووە، و کەسایەتیەکان دەوریان بووە لە چۆنیەتی نیشاندان و سەرخستن یان شکست پێهێنانی ئەو مەکتەبانە.
ئەوەی مەبەستمانە ئەو راستیەیە کە کەسێتی تاکەکان زۆر گرینگە لە سەرجەم رەهەندەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و لەسەر شکڵ پێدانی کۆمەڵگا.
ئێمە وەک نەتەوەی کورد خاوەنی دەیان و سەدان رێبەری مەزنین کە هەر کامەیان بە نۆرەی خۆیان دەور و نەخشیان لە پێشخستنی دۆزی رەوای کورد بینیوە. مامۆستا شێخ جەلال حسێنی ئەو رێبەرە کاریزما و کارەکتەرە درەوشاوەیە بوو کە توانی لە ماوەی ژیانی سیاسی خۆی باشترین نمونەی کەسێتی بەرز پێش کەش بکات.
مامۆستا هەم توانی گوڵبژێرێک لە باشترین و مرۆڤانەترین و عادیلانەترین بنەماکان بۆ تێکۆشانی لەرێی ئازادی بکاتە سەرلەوحەی ژیانی، و لەوەش گرینگتر هەموو ئەو بنەما و باوەرانە بخاتە باری جێبەجێکردن و عەمەلەوە و کاریان پێ بکات، و تێچووی زۆر گەورەشیان لە پێناو بدات.
لێبڕاوی و فیداکاریی و بەخشندەیی و سداقەت و پاکی و عەداڵەت تەوەری وێرای زانایی و بڕشت و بەرێوەبەری ئەو تایبەتمەندییانە بوون کە کەسایەتی کەم وێنەی مامۆستای شکڵ پێدابوو و تێکەڵاوی ئەو تایبەتمەندییانە، مێژویێکی لێوانلێو لە شانازی لەسەر دەستی جەنابی مامۆستای لێ خوڵقاوە و بەرهەمەکەی قوتابخانەیێکە کە هەموو ئەو بایەخ و بەها نەتەوەیی و مرۆڤانەیەی تێدا دەوترێتەوە و درێژەی پێدەدرێ.
مامۆستا لە پێناو بنەما و هەڵوێستە نەتەوەییەکان و پاراستنی ئەو بایەخ و بڕوایانە هەموو ژیانی خۆی تەرخان کرد و بە پێشکەش کردنی جگەرگۆشەکانی نرخی پاراستنی بنەماکانی دا، هەموو پێگە و سامان و پلەی بەرزی ناو کۆمەڵگای خستە خزمەت پێش خستنی دۆزی رەوای نەتەوەکەی و ئەو ئوسولە بەرزانەی تا دوایین هەناسەی ژیانی درێژە پێدا و هەرگیز پاشەکشەی لێنەکردن. یەکێک لەو بنەمایانەی کە یەکجار زۆر باوەری پێی بوو ، بابەتی دانی مافی کورد لە لایەن رژیمەوە بوو، مامۆستا باوەری وابوو کە ئەو رژیمە هەرگیز زەرفیەتی ئیعتراف بە بنەما دیموکراتیکەکان و هاوبەشی کردن لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی ئێرانی تێدا نییە و مەسئەلەی ماف لە رێگەی وتووێژەوە لەلای بەرێزیان بە تەواوی رەدکراوەبوو.
لەسەرەتای سەرکەوتنی راپەرینی گەلانی ئێران کاتێک کە هێز و لایەنە سیاسیەکان دەسەڵاتی کوردستانیان بە دەست بوو و هێزی پێشمەرگە لە ناو شارەکان پارێزەری ماڵ و گیانی هاوەڵاتیان، رژیم بە درۆی موزاکرە و دانووستان تەمای کۆتایی هێنان بە غائیلەی کوردستانی بوو و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێک دیاری کرابوو بۆ دانیشتن لەگەڵ شاندی نوێنەرایەتی گەلی کورد. بەڵام لە هەنگاوێکی سەرسوورهێنەر کاتێک داریوشی فروهەر سەرۆکی شاندی رژیم سەردانی شوێنی مانەوەی مامۆستای شێخ جەلالی رابەرمان لەشاری بانە دەکات، داوای دانیشتن و وتووێژ لەگەل بەرێزیان دەکات ، وەڵامی مامۆستای نەمر یەکجار هۆشیارانە و جێگەی لێوردبوونەوەیە. مامۆستا زۆر بە ئاسانی لەوە دەگات کە شاندی نوێنەرایەتی رژیم تەنیا ئەو داوایەیان بە ئامانجی دروست کردنی درز و کەلەبەرە لەنێو هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و هەر بۆیە وەڵامی ئەو داوایە بەوە دەداتەوە کە پێویستە لەگەڵ شاندی نوێنەرایەتی گەلی کورد بە سەرۆکایەتی مامۆستا شێخ عیزەدینی برای کۆببنەوە و لێدوان و داواکانی هەیئەتی کوردستان هەمان داوا و قسەی ئێمەشە.
لە دوایش دا کاتێک هێز و لایەنەکان، کوردستانی ئێرانیان بەرەو باشووری کوردستان بەجێ هێشت، خەڵخاڵی نامەی بۆ جەنابی مامۆستا نووسی و داوای گەرانەوەی بۆ کوردستان لێکرد و بەلێنی پێشکەش کردنی بەرێوەبەرایەتی کوردستانی بە جەنابی مامۆستا دا ، مامۆستا لەنامەیێکدا بە توندترین شێوە وەڵامی ئەو داوایەی خەڵخاڵی حاکمی شەرعی رژیمی لە کوردستان دایەوە و وتی: (( بەو خوایەی ئێوە نایپەرستن تا نەستاندنەوەی دوایین خوێنی بە ناحەق رژاوی رۆلەکانی کوردستان مەیدانی خەبات چۆڵ ناکەین)). ئەو بنەمایە وەک ئەسڵێک لەلای جەنابی مامۆستا کاری پێکرا و لەماوەی هەموو ئەو ساڵانەی خەبات و تێکۆشانی بۆ جارێکیش لێی لانەدا و فریوی وەعد و بەلێنە درۆینەکانی ئەو رژیمەی نەخوارد و هەمیشە پێی وابوو کە ئەو نیزامە جینایەتکارە هەرگیز ئامادە نابێ لەسەر مافی کورد نەرمی نیشان بدا، مەبەستی دانی مافی کوردی نییە و بۆ وەلامی ئەو کەسانەش کە پێیان وایە وتووێژ نابێ وەک ئەسلێکی سیاسی رەد بکرێتەوە، وتەیێکی بە نرخی هەیە کە دەلێ : ((هەر کاتێک رژیم ویستی حەقی کورد بدات با بیدات بەو نوێنەرانەی کە لە فیلتێرەکانی خۆی دەرچوون و داندراو و جێگەی متمانەی خودی رژیمن )). ئەوەش باشترین وەڵامە بۆ بیانووبڕین و وەڵامێک بۆ فەلسەفە بافیەکانی لاگیرانی وتووێژ و دانووستانە لەگەڵ رژیمی جەهل و جینایەتی ئاخوندی.
ئەو میراتە گرانبەهایەی مانەوە لەسەر بنەرەت و بنەما ئوسولیەکان لە رێبەری کاریزما و زانا و بلیمەت بۆ هەموو قوتابیانی مامۆستا بە جێ ماوە و لە قوتابخانەی مامۆستا وەک وانەیێک دەوترێتەوە و کاری پێدەکرێ.
ئەوتایبەمەندیە یەکێک لە هەزاران تایبەتمەندی دیار و جێگەی شانازیی مامۆستا شێخ جەلالی نەمرن کە بۆ تاکی سیاسی وەک زەرورەتێکی حاشاهەڵنەگر وایە و پێویستە رەچاو بکرێ و لێوەی فێر بین.