دەیوید کامێرۆن; وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ڕۆژی یەکشەممە ۱۰ی بەفرانباری ۱۴۰۲ ڕایگەیاند کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حوسەین ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران، بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕژیمە لە پلان دانان و بەردەوامی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور بەرپرسیارە.
ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: هێرشەکانی حوسییەکان ” ژیانی خەڵکی بێتاوان و ئابووریی جیهان دەخاتە مەترسییەوە”، هەروەها نووسیویەتی: بە ڕوونی ڕامگەیاند کە ڕژیمی ئاخوندی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی پشتیوانی درێژخایەنی ئەو دەسەڵاتە بۆ حوسییەکان و پشتیوانیان لەو هێرشانە بەرپرسیارە”.
کامێرۆن بە ئاماژەدان بە پشتیوانی ڕژیم لە میلیشیا ترۆریستیەکان لە ناوچەکەدا وتی: دەبێت بە ڕاشکاوانە بەو دەسەڵاتدارنە ڕابگەیەندرێت کە چیتر هێرشەکانی ئەم میلیشیایانە قەبووڵ ناکرێت.
کامێرۆن پێداگری کردەوە کە دەوڵەتی بریتانیا بۆ پێشگرتن لەم کردەوە ئاژاوەگێڕانەی ڕژیمی ئێران، هاوکاریی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بەهێزتر دەکات.