بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی, بەندکراوێکی کوردی خەڵکی سەقز، بە ناوی ئەکرەم کەریمپوور کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان, سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێنرابوو، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان, لەسێدارە درا. ناوبراو بیستەمین هاووڵاتیی کوردە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە لە زیندانەکانی ڕژیم لە سێدارە دراوە.
ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ۲۴ی بەفرانبار لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە مەبەستی لەسیدارەدان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەکرەم کەریمپوور سێ ساڵ لەمەوبەر لە هەمەدان گیراوە و لە لایەن بێدادگای بەناو ئینقلابی ئەم شارە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. پێشتریش هاووڵاتیەک بەناوی حوسێن بەهرمەند دانیشتووی شاری سەردەشت و یەکێک لە هاوتۆمەتبارەکانی، لە ١٧ی ڕهزبەری ئەمساڵدا لە زیندانی هەمەدان لەسێدارەدراون.
بەپێی ڕاپۆرت و پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تۆمارکراون، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ١٥١ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و لە ١٦ ڕۆژی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٢٠ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون.