ڕۆژی یەکشەممە۱ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ی هەتاوی، سینا دەشمیر، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "گەزگەسک"، سەر بە شاری پیرانشار، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای سەپێندراوی بەندکران، ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی كوردپا، ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی یەکی بێدادگای بەناو ئینقلابی مەهاباد، بە تۆمەتی ساختەی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە حکوومەتی ئێران"، بە ٤٠ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی ساختەی "دروشم نووسین و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی"، بە ٣٥ مانگ بەندکران سزا درابوو.
هەروەها سینا دەشمیر لە دۆسییەیەکی دیکەدا سەبارەت بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی"، لەلایەن لقی ١٠٢ی بێدادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار، سزای سێ مانگ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی بە دوور لە چاوی خەڵک و لە شوێنێکی بەستراو جگە لە دەموچاو و سەر، بە پێبژاردنی ٥٠ میلیۆن ڕیال سزای نەختی بە ناوی سندووقی دەوڵەتی ڕژیمی ئێران گۆڕدرا.