شه‌ممه‌ 

3 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

سەروەری گەل شەهید شێخ سدیق حوسەینی

سەروەری گەل شەهید شێخ سدیق حوسەینی
دەنگی خەباتی کوردستان

یادی سەروەران

یادی سەروەری گەل پێشمەرگەو ئەندامی شەهید شێخ سدیق حوسەینی کوڕی بابەکری (ساڵوک)

بابەشێخ حوسەینی

گوندی خنجیلانەی ساڵووكی خواروو لە ناوچەی (بەر رێ‌) لە بانە جوان و ڕازاوەیە، مەكۆی تێكۆشەرانێكە كە گیان و ماڵیان فیدای ئازادی گەل و نیشتمان كرد. مەنزڵی چەند شەهیدی ڕوو سووری سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران، شەهید جەلال عەبباسی، شەهید عابید فەیزیان،شەهید ئەبوبەكری چەكوشەیی،شەهید عەبدوڵا نستانی، شەهید ئەمیر مەریوانی یە. خەڵكی ساڵووك لە ڕیزی خەڵكی هەزاران گوندو ناوچەی كوردستانن كە خزمەتی زۆری پێشمەرگەیان كرد، لە ناو خەڵكی ساڵووكیشدا، شەهید شێخ سدیق حوسەینی و خانەوادەكەی لە ماندووترین و پڕ ئەركترین خەڵكی دێكانی كوردستان بوون.

ئەگەر پێشمەرگە ڕوویان دەكردە ساڵووک، هەوڵیان دەدا بچنە ماڵی شێخ سدیق چونكە هەمیشە بەگەرمی پێشوازی لە پێشمەرگەو تەنانەت كەسانی غەوارە دەكرد. لە ساڵانی ڕابردوودا، كەم ماڵ لە دێهات چراتۆڕ(لۆكس) یان هەبوو كە بە نەوت كاری دەكرد، چراتۆڕ، ڕوناكی زۆری هەبوو،  ماڵی شێخ سدیق چراتۆڕەكەیان لە دیوەخان هەڵدەكردو میوان لە ماڵیان جمەی دەهات. شەهید شێخ سدیق نانی لەگەڵ خەڵك دابەش دەكردو لە میوان پەزیریدا كەم وێنە بوو.

شەهید كاك شێخ سدیق خولیای كوردایەتی و ئازادیخوازی بوو، لە سەردەمی ڕژیمی شادا یارمەتی تێكۆشەرانی دەكردو ماوەێكیش لە دەست ساواك و جەندرمەكانی ڕژیمی شاە ئاوارەی كوردستانی عێراق بوو. لە  خەباتی گەلانی ئێران دژ بە ڕژیمی شا، كاك شێخ سدیق یەكێك لەو سەدان هەزار كەسە بوو كە لە شارەكانی كوردستان بەشداری لەڕاپەڕین كرد و لە پشت سەری مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی بوو، لەو دەگمەن كەسانە بوو كە لە تەزاهورات و ڕێپێوانەكان بە دەمانچەو چەك بەشداری دەكرد.

لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی بە دژی كوردو هێرشی پاسدارانی ڕژیم بۆ سەر كوردستان، شەهید شێخ سدیق لە ریزی ئەو هەزاران تێكۆشەرەی نەتەوەی كورد بوو كە بە پێ‌ توانا بەشداری دیفاع لە كوردستان كرد و لە ڕیزی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات تێكۆشانی دەست پێ‌ كردوو لە شەڕەی چەند مانگەی بانە، شەڕی هەژدەدۆڵان و شەڕی گەورەی تێك شكاندنی هێزی زۆر بۆری دوژمن بۆ دەوروبەری سالووك قارەمانانە بەشداری كرد، ئەگەر چی شەهید شێخ سدیق ماوەی چەند مانگی وەك ڕەسمی و تەواو وەخت لە ڕیزی پێشمەرگەكانی سازماندا بوو، بەڵام هەمووكات ئەركی خزمەت بە نەتەوەو نیشتمان و سازمانی خەباتی بەو پەڕی لە خۆبووردووییەوە لە ئەستۆ دەگرت.

شەهید شێخ سدیق تێكۆشانی بۆ ئازادی نیشتمان، بە فیداكاری وگیانبازی و لە خۆبووردوویی دەست پێ‌ كردو هەر لەو پێناوەدا خانەوادەو ماڵ و ژیانی بۆ تەرخان كرد. تێكۆشان و فیداكاری لە پێناو ئازادی یەكێكە لە هۆە سەرەكیەكان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و كۆتایی هاتن بە ستەم و بێدادی، كە شەهید شێخ سدیق بەشێكی زۆر لەو تایەتمەندیانەی بە شێوەی دیارو حاشاهەڵنەگر تێدا هەبوو. هەر ئەو تایبەتمەندی و هەستی نیشتمان ویستی و گەل خۆشەویستی لەسەر ڕێبازی سازمانی خەبات بووە هۆی ئەوە، كە بەكرێگیراوانی ڕژیم لێ‌ بەداخ بنوو داوی بۆ دابنێن. بە داخەوە بە پیلانی چەند كەسی خۆفرۆش لە لایەن هێزە سەركوتگەرەكانی ڕژیم لە ساڵی 1365 چەند جار بەدیل گیراوەو شکەنجە دراوە.

تا لە بەفرانباری ساڵی 1366 گیراو ماوەی چەند حەوتوو لە ئیدارەی بەدناوی ئیتلاعات كەوتە ژێر قورس ترین شكەنجەی ڕۆحی و جەستەیی و بە هۆی شكەنجەی سەختی جەللادەكانی ڕژیمی ستەمگەری ئاخوندی شەهید کرا.

قارەمانی و نەبەزی شەهید شێخ سدیق لە ماوەی چەند حەوتوو شكەنجەو ئازاری سەخت، نمونەی ئازایەتی و نەبەزی هەر تێكۆشەرێكی ڕێگەی ئازادی و خەباتكارێكی كوردستان و گەلی بەش مەینەتی كوردو هەموو ئەو قارەمانانەی ڕێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانە، كە هەم لە مەیدانی نەبەردی ڕوبەڕوو، هەم لە زیندان و لە سەختترین هەلومەرجەكاندا ئازایەتی و قارەمانەتی كەم وێنە لە خۆیان نیشان دەدەن.

شەهید شێخ شدیق كوڕی شێخ بابەكر لە ساڵی 1315 كۆچی خۆری لە دێ‌ی ساڵووك چاوی بە دونیا هەڵێنا بە داخەوە باوكی لە ساڵی 1317 كۆچی دوایی كرد. شێخ سدیق و براكانی كەوتنە ڕەنج و زەحمەتی زۆر تا گەورە بوون. شێخ سدیق مێرمنداڵ بوو كە لێهاتوویی و ژیری و ئازایەتی لە خۆی نیشانداو سەرپەرەستی براكان و خانەوادەكەی كردو لە پاڵ ئەرك و كاری خانەوادەكەی وەك كەسایەتی و خاوەن دیوەخان و میوان لە ناوچەی بەر ڕێ‌، دەوری هەبوو و جێگەی متمانەی خەڵك بوو.

سازمانی خەبات ڕێبازێكە كە ئامانجی سەرەكی بە ختەوەری و ڕزگاری گەلەو هەر لەبەر ئەو تایبەتمەندیە بەرزەو هەروەها لەبەر مێژووی پاكو بێ‌ خەوشی، بۆتە هۆی متمانەی جەماوەر. هەروەها تێكۆشەران و قارەمان و لە خۆبوردووانی وەك شەهید كاك شێخ سدیق ئاویتەی دەبن و گیانیان لە پێناو ڕێبازیدا بەخت دەكەن، ئەو ڕێبازەی بۆ ڕزگاری گەل و ئازادی نیشتمان دارێژڕاوەو هەر لە پێناو گەل ونیشتماندا بەردەوام دەبێ‌ تا سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجەكانی گەل.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید شێخ سدیق قارەمانی مەیدانەكانی نەبەردی و قارەمان و چاونەترس لە زیندانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی.

10 مانگ و 16 کاتژمێر و 15 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

سەروەری گەل شەهید شێخ سدیق حوسەینی

سەروەری گەل شەهید شێخ سدیق حوسەینی



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن