سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سۆران بەنگینی" کوڕی ڕەسووڵ و "شەهرام ئیبراهیمی" کوڕی قادر خەڵکی گوندی "کانیەڕەش"ی سەر بە شنۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەدەکانی ڕژیم گیراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو لاوە تەمەن ٢٠ ساڵە سەعات ٩ی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە بەبێ بڕیاری دادگا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم گیراون.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، خانەوادەی ئەو دوو هاووڵاتییە پەیوەندییان بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ترۆریستی پاسدارانی ڕژیم لە شنۆ کردووە بۆ بەدواداچوونی دۆخی ڕۆڵەكانیان، بەڵام تا ئێستا وڵامیان نەدراوەتەوە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، هاووڵاتییەکی تەمەن ٦٤ ساڵ بەناوی جەعفەر مەحموودی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن بەکرێگیراوە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم گیراوەو بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، جەعفەر مەحموودی بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و لە شوێنی کارەکەیدا گیراوە.