مامۆستایانی ئایینی شاری بانە لە ڕاگەیەندراوێکدا خوازیاری ڕاگرتنی حوکمی ناڕەوا ی ئیعدامی مامۆستایانی ئایینی و زندانیانی سیاسی بوون.ئەو مامۆستایانە لە ڕاگەیەندراوەکیاندا بە ئاماژە کردن بەوەی کە خەم و پەژارەی خەڵک و دانیشتوانی کوردستان و ئازادیخوازان و ستەملێکراوان لە کوردستان و ئێران زیاتر پەرەی سەندووە ، خوازیاری ڕاگرتنی حوکمی ئێعدامی ئەو هاووڵاتیان بوون.هەروەها پێداگرییان لەوە کردەوە کە ئەو حوکمە دژی مرۆڤانە دەبێتە هۆی بێزاری زیاتری هاونیشتمانیان و هەل و مەرجی ناوخۆیی وڵاتی بە گشتی ئاڵۆز کردووە.مامۆستایانی ئایینی خوازیاری ڕاگرتنی حوکمی ئێعدامی ئەو زندانییانە بوون تا دڵخۆشی بگەڕێتەوە ناو خانەوادەی ئەو کەسانەو تەواوی خەڵکی ئێران.