ڕێوڕەسمی بێڵندانە لە ئاواییەكانی بێوران و گۆمانی سەردەشت بەڕیوەچوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵکێکی زۆر بە لاو و پیر و منداڵەوە و بەجلوبەرگی ڕازاوەی کوردەواری هەروەها بەجۆش و خرۆشەوە بەشدار بوون و چەندین بەرنامەی وەك کردنەوەی ئاگر، شانۆ، خوێندنەوەی شێعر، قسەی خۆش و جۆرەکانی هەڵپەڕکێ و گۆرانی بەڕێوە برا.
”بێڵندانە" بە واتای ئەوەیە "بێڵ و وەروەرە" دادەنێین و چیدیکە بەفر ناماڵین یان بە واتایەکی دیکە مرۆڤەکان مزگێنیان بە یەکتر داوە کە سەرماوسۆڵ، قاتی و قڕی و زوڵم و زۆری خۆی ناگرێ و نامێنێ و ماڵاوایی لە زستان دەکەین و بەهار دێت.
ڕێوەڕەسمی "بێڵندانە" مێژووەکەی بۆ ٥ یان ٦ هەزار ساڵ لەنێو کوردان دەگەڕێتەوە، کە لە کۆتایی چلەی یەکەمی زستانی هەموو ساڵێک واتە نێوەڕاستی زستان، گەلی کوردمان لە کۆنەوە ئەو ڕێوڕەسمەیان گرتووە.