بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، یاسین ئاباریان تەمەن ٣٠ ساڵ، پاش هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ترۆریستی ئیتلاعاتی ڕژیم لە پیرانشار بۆسەر ماڵی خانەوادەکەی لە گوندی "سەروکانی" بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەكی دادوەری و بە توندوتیژی گیراوه.
دەگوترێ ناوبراو دوای تەواوبوونی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواستراوەتەوە و بۆ ئازادبوونی کاتی بارمتەی یەک ملیار تمەنی لێ داوا كراوە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، عیسا ئیبراهیم زادە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دێشەمس" سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم گیراوە.
بەوتەی بێهنام ئیبراهیم زادە، برای بچووکتری عیسا ئیبراهیم زادە، گرتنی ئەو هاووڵاتییە لە ماڵەکەی خۆیدا و لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە سەرکوتکەرەکان و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری بووە.
جێی ئاماژەیە ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیشدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیرابو كە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازادکرابوو.