فەرماندەیی ناوەندیی ئامریکا ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲، ڕایگەیاند کە هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی حوسییەکان کە بە هەڕەشەیەکی نزیک بۆ سەر هێزی دەریایی ئامریکا و کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور پێناسە دکرێن.
فەرماندەیی ناوەندی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەو وڵاتە مووشەکێکی کروزی زەمینی و چوار مووشەکی کروزی دژە کەشتیی حوسییەکانیان تێکشکاندووە کە لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئامادە بوون بۆ تەقەکردن لە کەشتییەکانی دەریای سوور.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: هێزەکانی ئامریکا پێیان وایە ئەو مووشەکانەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی یەمەنەوە هاتوون، هەڕەشەیەکی نزیکە بۆ سەر هێزی دەریایی ئامریکا و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا پێداگری لەوە کراوەتەوە کە ئەم هێرشانە پارێزگاری لە ئازادی کەشتیوانی و ئاسایشی ئاوە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی کەشتیەکانی هێزی دەریایی ئامریکا و کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن.
سەرچاوە تەلەفزیۆنییەکانی (ئەلعەرەبیە) بڵاویانکردەوە، فڕۆکە جەنگیەکانی ئامریکا-بەریتانییەکان زنجیرەیەک پێگەی حوسییەکانیان لە یەمەن کردۆتە ئامانج.