ناسر ناسری، چالاکی فەرهەنگی و وانەبێژی زمانی کوردی و خاوەنی بڕوانامەی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، سەرەڕای بەدەستهێنانی پلەی چوارەم لە تاقیکاریی دامەزراندنی وەزارەتی پەروەردەی پارێزگای ورمێ، لە لێژنەی دامەزراندنی پەروەردەی ئەم پارێزگایە ڕەت کراوەتەوە.
ناوبراو لە قۆناغی تەکمیل زەرفیەتی ئەم تاقیکارییەدا پلەی یەکەمی پارێزگای ورمێی بەدەست هێناوە، بەڵام لەلایەن لێژنەی دامەزراندنی حکومەتەوە بە هۆی هەبوونی پێشینەی سیاسی، ڕێگری لە دامەزراندنی کراوە.
دۆسییەی سیاسیی ئەم چالاکە فەرهەنگییە دەگەرێتەوە بۆ ١٣ ساڵ پیش ئێستا و هۆی دانەمەزراندنی ئەم دۆسییە سیاسییە بووە.
ناوبراو پێشتر بەتۆمەتی ساختەی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری ڕژیمی ئێران گیراوە و سزای یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپا و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی چالاکی لە بواری زمان و ژینگە دەیان جار بانگهێشتی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم کراوە.