کومەیل زەندخانی، لاوی کوردی خەڵکی ئیلام و لە گیراوەکانی شۆڕشی ژینا، چەند سەعاتێک دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ترۆریستی ئیتلاعاتی ڕژیم ئەو شارە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ناوبراو ساڵی ڕابردووش دووجار گیرا و بەهۆی فشاری ناوەندە سەرکوتکەر و ئەمنییەکان جارێکی دیکەش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە سەرکەوتوو نەبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەكانی هەواڵ، سەعات ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕێبەندان، کومەیل زەندخانی (محەممەد کومەیل) لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی ئیلام لە شوێنی ژیانەکەی لە گەڕەکی ئازادی لە بینایەکی ٦ قاتەوە خۆی بەرداوەتەوە و بەو شێوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
دەوترێ خۆکوشتنی کومەیل دوای بانگکران و لێپرسینەوە و هەڕەشەکردنی ئیدارەی ترۆریستی ئیتلاعات لەو میرمنداڵە بۆ ماوەی چەند سەعاتێک ڕوویداوە.
ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند جار لەلایەن ئیدارەی ترۆریستی ئیتلاعاتی ڕژیمەوە بانگکراوە و دوایین جار هەڕەشەی لێکرابوو کە ئەگەر خۆی ڕادەست نەکات حکومەت دەیگرێت.