بەم شێوەیە ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، بە پێی ئەو زانیاریانەی پێمان گەیشتووە، ڕژیمی ئاخوندی لە شاری بانە و چەند شاری دیکەی کوردستان ئامادەباشیەکی رانەگەیندراوی بە هێزەکانی داوەو پێی راگەیاندوون کە گۆیا دەستەیەک داعش چوونەتە ناوچەکە و بە تەمای کردەوەی ترۆریستی و بۆمب دانانەوەن.
رژیمی ئاخوندی لە کاتێکدا وەها هەنگاوێکی ناوە کە رۆژی یەکشەممە ٢٢ی رێبەندان یادی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە رژیمی پاشایەتیە و ساڵانە بەو بۆنەوە چالاکی جیاجیای حکومەتی بەڕێوە دەبات. گومان دەکرێ بۆ ئەو ساڵ لەم یادە لە کوردستان و بەتایبەت شاری بانە کەڵک وەرگرێ و بە ناوی گروپی ترۆریستی داعشەوە کردەوەی ترۆریستی ئەنجام بدات و زەربەت لە خەڵکی کوردستان بدات و دوایەش بەرپرسایەتیەکەی بخاتە ئەستۆی داعش.
رژیمی ئێران بە ئەنجامدانی کردەوەیەکی وا دەتوانێ چەند ئامانج بپێکێ:
لە ئەگەری سەرکەوتنی پیلانەکەی خەڵکێکی شارەکە ببنە قوربانی و بەو جۆرە بیهەوێ بە کاردانەوەکانی لە بەرانبەر قوربانی و خانەوادەکانیان، خۆ بە خەمخۆر نیشان بدات، و بە خەیاڵی خاوی سۆزی خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ.
لە لایەکی دیکەوە بە سیناریۆیەکی لە پێشدا داڕێژراو، بە گرتنی کۆمەڵێک لە لاوان و چالاکانی شارەکانی کوردستان بە ناوی ئەنجامدەرانی کردەوەکە، سەرکوت و ئێعدامی ئەو کەسانە بەڕێوە ببات.
داواکارین بۆ شکست پێهێنان بە پیلانەکانی رژیمی ئاخوندی، خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شاری بانە چالاکیە حکومەتیەکانی ٢٢ی ڕێبەندان بایکۆت بکەن و منداڵەکانیان لە ناردن بۆ مەدرەسە و رێپێوانەکان ببوێرن.
سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد و ئازادیخوازانی ئێران
بروخێ رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
ناوەندی ئاسایش و دژەترۆر
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران