هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
هاوباوڕانی خەباتکار!
مێژوی خەباتی ئازدیخوازی و ڕزگاریخوازی دژ بە داگیرکەر لە ئێران و کوردستان، چەندین کەسایەتی خۆشناو، گەورەو خۆشەویستی بەخۆیەوە بینیوە کە بەبێ هیچ چاوەڕوانیەک، گیان و ژیانی خۆیان تەرخانی ڕێگەی ئازادی نەتەوەو نیشتمان کردوە و بوون بە چۆڵەچرای ڕێگەیەکی هەمیشەیی بۆ ڕێبوارانی خولیای ئازادیی و بەرابەریخوازی.
مامۆستا شێخ عزەدین حوسەینی یەکێک لە ڕێبەران و كەسایەتیە بەنرخ و دەگمەنەکانی کوردستان و ئێرانە بو کە زیاتر لە ۶۰ ساڵ، تەمەنی پڕ بایەخی خۆی تەرخانی ئازادیی نیشتمان و نەتەوەکەی کرد. ماموستا شێخ عزەدین لە ساڵی ۱۳۰۱ی هەتاوی لە خانەوادەیەکی خۆشناوی نەتەوە دۆست و ئائینی لە شاری بانە چاوی بە دونیا هەڵێنا و هەر لە سەردەمی لاویەتیەوه وێڕای پەروەردەکران و خوێندنی دەرسی پیرۆزی ئائینی، بوو به ئەندامی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان "ژ_ک" و دڵسۆزانە ڕێگەی خەباتی لە دژ ستەمی دەسەڵاتی فاشیستی پاشایەتی و ئازادی نیشتمان هەڵبژارد. مامۆستا شێخ عزەددین حوسەینی، وێڕای ئەوەی کە کەسایەتیەکی ئائینی بەتوانا بوو،هەروەها ڕێبەرێکی مەزنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد و کوردستان بوو و لە شۆڕشی گەلان لە ساڵەکانی ۴۶ و ۴۷ی هەتاوی، ڕۆڵێکی بەچاوی گێڕا و هەروەها پاش ڕووخانی سیستەمی پاشایەتی و بەتاڵان بردنی بەرهەمی ئەو شۆڕشە جەماوەریە لەلایەن ئاخوندە جینایەتکارەکانەوە، هەوڵی زۆر جیددی و کاریگەری دا کە خودموختاری بۆ کوردستان دابین بکات و هەر بەو مەبەستەش وەکوو بەرپرسی هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵكی کوردستان، لەگەڵ خومەینی و دەسەڵاتدارانی حكومەتی ئاخوندی دانوستانی کرد کە بەداخەوە ئاخوندە جینایەتکارەکان دانیان بە هیچ مافێکی کورد دانەناو دەریانخست کە دیالۆگ و دانوستان لای ئەو دەسەڵاتە هیچ ئاکام و بایەخێکی نابێت.
مامۆستا شێخ عیزەدین حوسەینی بەهۆی بیرکردنەوەی جیاوازی و باوڕەکانی بۆ جیایی دین و دەسەڵات و هەروەها تێبینی و هەڵسەنگاندەکانی بۆ لێکدانەوەی ئەمڕۆژی و سەردەمانە بۆ ئایین و یاسا ئایینیەکان، خۆشەویستیەکی زۆری لە نێو خەڵکدا هەبوو و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە زۆر بەرز و بەڕێز دەیاننرخاند.
بەداخەوە کە لە ۲۱ی ڕێبەندانی ۱۳۸۹ی هەتاوی مەرگ زیاتر ڕێگەی پێی نەداو بەڕێزیان لە شاری سوئید کۆچی دوایی کرد.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، مەرگی مامۆستا شێخ عزەدین بە خەسارێکی گەورە بە جوڵانەوەی مافخوازانەی کورد و کوردستان دەزانێت و لە ۱۳هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جەنابیان، هەزاران سڵاو و درود بۆ گیانی بەرزی دەنێرێت.
گومان نیە کە بەردەوامی خەبات دژ بە داگیرکەر و تێكۆشان بۆ ڕووخانی حکومەتی ویلایەتی فەقیە، ئازادی و دیمۆکراسی بەسەر ئێران و کوردستان دا باڵ دەکێشێت و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە هەموو بیر و باوڕێکەوه بە ئاشتی و لێک تێگەیشتن دەحەسێنەوهو ئاواتەکانی مامۆستا شێخ عیزەددین گەورە پیاوانی ڕێگەی ئازادی وەدی بێت.
درود بۆ ڕۆحی بەرزی مامۆستا شێخ عیزدەددین ڕیبەریی خەباتی نیشتمانیی و نەتەوەیی و ئازادیخوزایی
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
۲۱ی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ی هەتاوی