ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکام" رایگەیاند، لە دەریای عەرەبی دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە، کە زیاتر لە ٢٠٠ پارچەی چەک و تەقەمەنی ڕژیمی ئێرانی تێدابووە و بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی حوسیەكانی یەمەن ڕۆیشتووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو چەک و تەقەمەنییانەی دەستیان بەسەردا گرتووە، پێکهاتوون لە پارچەی مووشەکی بالیستی مەودا مامناوەند، تەقەمەنی، پارچەی درۆن، سیستمی دژە تانک و ئامێری پەیوەندیکردن.
مایکل ئێریک کورێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکام" وتی: ڕژیمی ئێران بەردەوامە لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ حوسیەكانی یەمەن، ئەوەش پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ناۆبراو ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی ئەمریکا پابەندن بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانیان بۆ روبەڕوبونەوەی هەوڵە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕژیمی ئێران لە ناوچەکەدا.