لە تاران و لە دوو شوێنی جیاوازدا دوو ئافرەتی تەمەن ٥٣ و ٤٠ ساڵ کوژراون. کوشتنی ئەم ئافرەتانە بە خنکاندن و لێدان بە کەرەستەی ڕەق بووە و دوو تۆمەتباری پەیوەند بەم بابەتە گیراون.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵیەکان، ڕۆژی چوارشەممە 25 ی بەفرانباری 1402ی هەتاوی ئافرەتێکی تەمەن 40 ساڵ بە ناوی بچووکی شوهرە و ئافرەتێکی دیکەی تەمەن ٥٣ ساڵ، ناسناو نادیار لە تاران کوژراون.
میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، ئەو ژنە تەمەن ٤٠ ساڵە لەلایەن کرێکارێکی تەمەن 27 ساڵەوە کوژراوە کە پاسەوانی تالاری زەماوەند بووە.
ئەم کرێکارە بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە دوایین چاوپێکەوتنیان قوربانییەکە ئامادەنەبووە بڕی 70 ملیۆن تمەن مافی ئەم کرێکارە بدات و ئەویش لە توڕەیی و لێدان دواتر بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر ئافرەتەکە و کوشتویەتی.
هەروەها ژنێکی تەمەن 53 ساڵ کە دایکی سێ منداڵ بوو لە ماڵەکەی خۆی کە دەکەوێتە یەکێک لە گەڕەکەکانی تاران بە سەرپۆشەکەی خۆی کوژراوە.
بەگوێرەی نووسینی ئێعماد ئۆنلاین، هاوسەری ئەم ژنە، کە جارێک لەیەک جیابووەتەوە و دووبارە هاوسەرگیریان کردووەتەوە، دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی ناکۆکی قووڵی پێشوو لەگەڵ قوربانییەکە دەستی داوەتە کوشتنی خێزانەکەی و لەئێستادا کەسی تاوانبار گیراوە.