هێمن نیکپەی، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزە جینایەتکارەکانی ڕژیم هاوکات لەگەڵ لێدان و سوکایەتی گیراوه.
بەپێی سەرچاوە هەواڵیەکان، ڕۆژی یەکشەممە 29ی ڕێبەندانی 1402ی هەتاوی، هێمن نیکپەی، خەڵکی گوندی نەنەی سەر به شاری مەریوان لەلایەن ئیتلاعاتی ترۆریستی ئەم شارە گیرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گیرانی ئەم هاووڵاتیە لەماڵی خۆی و لەلایەن ئیتلاعاتی ترۆریستی ڕژیم لە سنە هاوکات لەگەڵ لێدان و شکەنجە و سووکایەتی کردن ئەنجام دراوە.
هەروەها هێزە بەناو ئەمنیەکان لەگەڵ گیرانی ئەم چالاکە مەدەنیە ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر موبایل و کەرەستە تایبەتیەکانی ناوبراودا گرتووە.
هێمن نیکپەی، چالاکی مەدەنی و کاسبکار، لەدوای گیرانی لەلایەن هێزە ترۆریستەکانی ڕژیم گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هیچ زانیاریەک لە هۆی گرتن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ناوبراو لەبەردەست دانیە.