وەزارەتی بەرگری ئامریکا، پێنتاگۆن سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 6ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاند کە ئامریکا و بەریتانیا لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی هاوبەش بۆ سەر بنکەکانی حوسییەکان لە یەمەن، 18 ئامانجی سەر بە ئەم گرووپەترۆریستیە کە لەلایەن ڕژیمی ئێران پشتیوانی دەکرێن، لە 8ناوچە کردە ئامانج.
هەواڵدەری ئەلعەرەبیە، لەم بارەوە ڕایگەیاند کە لە بەشی نوێی هێرشی ئامریکا و بەریتانیا، بنکە و بارەگاکانی ئەم گرووپە ترۆریستیەیان لە پارێزگاکانی ئەلحەدیدە، سەنعا و تەعز کردووەتە ئامانج.
به پێی ئەم ڕاپۆرتە له میانەی ئەم هێرشانه بنکەکانی حوسییەکان له چیاکانی ئەومان و مەقبەنە له پارێزگای تەعز کرانه ئامانج.
پێشتر خالید ئەلشایف، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە کەناڵی ئێکس وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی هێرشەکانی سەر پایتەختی یەمەن، ڕایگەیاندبوو کە فڕۆکە شەڕکەرەکان هێشتا لە ئاسمانی پایتەختی ئەم وەڵاتە دەسووڕێنەوە.
کەناڵی تەلەفزیۆنی (ئەلمەسیرە) کە لە ژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندایە، هەروەها باسی لە هێرشەکانی ئامریکا و بەریتانیا لە دژی ئامانجەکان لە پایتەختی یەمەن کرد.
هەروەها ئەم کەناڵە تەلەفزیۆنییە باسی لە ٣ هێرشی ئاسمانی کرد کە لە ئەلسەلیف لە پارێزگای حودەیدە بۆ سەر ئامانجەکان ئەنجام دراون.