بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵیەکان لەم دواییانەدا کەسانێک کە خۆیان وەک ئەندامی ناوەندە جینایەتکار و ئەمنییەکانی ڕژیم لە شاری قوروە ناساندووە، لە ڕێگەی هەڕەشەی زارەکییەوە فشارەکانیان بۆ سەر خانەوادەی عارف نادری زیاد کردووە بە ڕادەیەک کە دایک و خوشکەکانی بەتەواوەتی ئاسایشی دەروونیان لێ هەڵگیراوە.
ئەم فشارانە بە ڕادەیەک بووە کە مەحبوبە عەباسی دایکی بەڕێز نادری بڕیاری داوە سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار بکات و بە هیوای کۆتایی هێنان بەم فشارە نامرۆڤانەیە کە تادێت زیاتڕ دەبن، بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەکات.
پێشتریش، ڕۆژی یەکشەممە 23ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، ئامیار فەتحوڵاهی خوێندکار و خوشکەزای عارف نادری، بە پەیوەندییەکی ساختە لە لایەن پەروەردەی قوروە گیراو دوای گواستنەوەی بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی ترۆریستی ئەم شارە بەشێوەیەکی دڕندانە شکەنجە دراوە، ناوبراو لە ئەنجامی شکەنجە و لێدانی ئەو هێزە ترۆریستیە، بەمەبەستی دانپێدانانی زۆری، گورچیلەکانی تووشی خوێن بەربوون بوون.
عارف نادری، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری قوروە،لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی ناسراوی کورد و ئەندامی پێشووی شۆرای شاری قوروەیە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی فشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم ناچار بوو زێدی خۆی بەجێبهێڵێت و ئێستا وەک پەناخوازێک لە نۆروێژ دەژی.