هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
جەماوەری بێزار لە ستەم و بێدادی لە ئێران!
ڕۆژی هەینی، ۱۱ی ڕەشەمەی ۱۴۰۲ی هەتاوی، خەڵکی بەهەڵوێست و خۆڕاگرو قارەمان،لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران و کوردستان، جارێکی دیکە، بەوپەڕی بوێری و شەهامەتەوە،بە بایكۆت و بەشداری نەکردن لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم، و بە ووتنەوەی "نا" بەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرە،شانازیەکی دیکەیان لە مێژووی خەبات و بەرخۆدان دژ بە داگیرکەرو ستەمگەران تۆمار کرد.
خەڵکی ئازادیخوزاو بەهەڵوێست لە ئێران و کوردستان، هەر لە ڕۆژانی سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی ئەو ڕژیمە خۆسەپێنەوە، بەردەوام بوون لە شۆڕش و تێكۆشان لە پێناو ئازادی و دیموكڕاسی، هەر لەو سۆنگەوەو بە ناسینی ناوەرۆكی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە،شانۆگەریەکانی بە ناو هەڵبژاردنی ئاخوندەكانیان بایکۆت کردوەو دەنگیان بە ناڕەوایی و نامەشروع بوونی ئەو دەسەڵاتە داوە.
ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دژمن بە ئازادیی و مافی سەرەتایی ئینسان،هەر لە سەرەتاوەە،بە دروشمی پێپولیستی و بە ناوی دیفاع لە هەژاران و خزمەت بە خەڵك، هاتە سەر حوكم و توانی بەو دروشمە بێ ناوەرۆكانە ژمارەیەك لە خەڵك فریو بدات و ئەو فریوخواردوانە، كە لە پاسدارە چەقۆ كێش و هیزی سەركوتكەرو تاوانكارەكانن، لە گیانی ئازادیخوازان و خەڵكی ئێران بەربدات. ئاخوندە دەسەڵاتدارەكان،لە گەڵ سەركوتی خەڵك،جینایەتكاریی،ئیعدامی ئازادیخوزان،هاوكات لە ژێرفرت و فێڵ و شانۆگەریی بە ناو هەڵبژاردن بۆ ناوەندەكانی سەركوت و دیكتاتۆریی، بەنیازی ئەوە بوون و هەن،کە لە لای جیهانیان ڕەوایی بە دەسەڵاتەكەیان بدەن. بەڵام بەپێچەوانەی هەموو پیلانگێڕی و فێل و هەوڵەكانی خامەنەیی و ئاخوندەكان بۆ چاوبەستی گەلانی ئێران و جیهانیان، جەماوەری ووشیارو خاوەن هەڵوێست بە بایكوتی بە ناو هەڵبژاردن، ڕیسەكانی ئاخوندەكانیان كردۆتەوە بە خوری و خەیاڵ و نەخشەكانیان كردونەتە بڵقی سەر ئاو.
گەلانی تێكۆشەری ئێران!
هاونیشتمانیانی کوردستان!
هەڵوێستی ئازایانەی ئێوە لە ڕۆژی هەینی 11 ی ڕەشەمە و بەشداری نەکردنتان لە شانۆگەری ڕژیم، جارێکی دیکە سنوری نێوان نیشتمان پەروەران و نیشتمان فرۆشانی دیاری کرد و دەریخست کە نەتەوەکانی ئێران تا چەند لە گەڵ ئەو ژمارە كەمە لە دەست و پەیوەندەكانی دەسەڵات نێوانیان هەیەو هەروەها جارێكی دیكە ئەو ڕاستیەی ئاشكرا كردەوە كە جەماوەری ئێران تا چەند لەو دەسەڵاتە نامەشروعە بێزارن. شانۆگەری ئەمجارەی ڕژیم، وەک خامنەیی خائین بە میللەت وتی، ڕیفراندۆمێکی دیکەیە بۆ مان و نەمانی ئەم ڕژیمە،بە خۆشیەوە خەڵکی بەشەرەف و بێزار لە ستەم جارێکی دیکە بە بەشداری نەکردنیان "نا"ـیەکی دیکەیان بە مانەوەی ئەم حکومەتە وتەوەو بە خامنەیی دیكتاتۆریان ڕاگەیاند دەبێ نەمێنی و كۆتایی بە دەسەڵاتە ناڕەواكەت دێنین.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران،بە بۆنەی ئەو سەركەوتە گەورەی گەلانی ئێران، پیرۆزبایی گەرم پێشكەش بە هەموو هاونیشتمانیان ڕادەگەێنێ و بوێری و خاوەن هەڵوێستی هاونیشتمانیانی كوردستان و تێكڕای خەڵكی ئازادیخوزای ئێران بەرز دەنرخێنێ .
دڵنیاین کە بە بوونی هاونیشتمانیانی بەشەرەف و خاوەن هەڵوێست، تەمەنی ئەو دەسەڵاتە كۆتایی پێی دێت و زۆر ناخایەنێت ئەو دەسەڵاتە دژی خەڵكی یە دەڕوخێ و لە ناو دەچێ و ئازادی بەسەر نیشتماندا باڵ دەکێشێت و دێوەزمی ئاخوندی بۆ هەتاهەتایە دەخرێتە زبڵدانی مێژووەوە.ئەو كات بە سەركەوتنی شۆڕشی ڕەوای نەتەوە چەوساوەکانی ئێران،هەموو هاونیشتمانیان بە مافە ڕەواکانی خۆیان دەگەن و بە جێگیر بوونی دەسەڵاتێكی دیموكڕاتیك،ئازادی و بەرابەری و ئاشتی جێگیر دەبێ.
بڕوخێ ڕژیمی ئاخوندی
سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلانی ئێران
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی