مامۆستا حەسەن جەنگخا، مامۆستای ئایینی کوردی سوننە مەزهەب و خەڵکی شاری سەڵماس کە بەم دواییانە سزای 7 ساڵ زیندانی ناڕەوای بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای سەپێندراوی 7 ساڵ زیندانی تەعزیری، ڕادەستی زیندان کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵیەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەشەممەی 1402ی هەتاوی، مامۆستا حەسەن جەنگخا، خەڵکی گوندی حەوت خانی سەر بە سەلماس، پاش بانگهێشت کردنی بۆ لقی جێبەجێکاری بێدادگای ڕژیم لە ئەم شارە، گیرا و بەمەبەستی تێپەڕاندنی حوکمی 7 ساڵ زیندانی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.
مامۆستا حەسەن جەنگخا لەم دواییانەدا لە لایەن بێدادگای تایبەتی لقی ورمێ 7ساڵ حوکمی ناڕەوای زیندانی تەعزیری بەسەریدا سەپێندرا.
ناوبراوپێشتر بۆ ماوەی یەک حەوتوو گیرابوو و لەسەر شتگەلێکی وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردە دژبەرەکانی ڕژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.
ڕێکەوتی 29ی پووشپەڕی 1399 مامۆستا حەسەن جەنگخا لە کاتی سەفەری بۆ گوندی دزە مەرگەوەڕی سەر بە پارێزگای ورمێ گیرا و گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی ترۆرێستی ئەم پارێزگایە.
ئەم پیاوە ئایینییە کوردە دواجار دوای حەوتوویەک لە گیرانی بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەن تا کۆتایی ئیجرائاتەکە لە زیندان ئازاد کرا.