٨ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ئافرەتان پیرۆزبێ
ڕاگه‌یاندراوی کومیته‌ی ناوه‌ندی
هاو نیشتمانیانی ئازادیخوازی کوردستان!
ئافرەتانی شۆڕشگێڕ و مافخواز!
لەسەر داواکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان له ساڵی ١٩٧٧ ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانیی ژنان دیاری کراوه. لەو کاتەوە تا ئێستا هەموو ساڵێک بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و مافەکانی ژنان، کۆبوونەوەو بۆنەی تایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتوی جیهان بە تایبەت و لە وڵاتانی خۆرهەلاتی ناوەڕاست بە گشتی بەڕێوەدەچێ و باوەڕمەندان بە ماف و ئازادیی ژنان باسی جێگە و پێگەی ژنان لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەن. ئافره‌تان و هەموو ئەو کەسانەی باوەڕمەندن بە دادپەروەری، یەکسانی و بەرابەرین، له‌م ڕۆژادا یه‌کگرتوانه په‌یمان نوێده‌که‌نه‌وه که له بەرەی خەبات لە دژی زوڵم و زۆر و نابەرابەری و چەوسانەوەی مرۆڤ و هەڵاواردنی ڕەگەزیی، تێکۆشانیان درێژه پێ بده‌ن و له دژی دیکتاتۆری و کۆنه‌په‌رستی بوه‌ستنه‌وه تا بە خەباتی یەکگرتووانەی هەموو چین و توێژەکان و بە تایبەت ژنانی مافخواز و داکۆکیکاری بەها مرۆییەکان، بە ئازادیی و ئامانجەکان بگەن.
ئاشكرایە ئافره‌تانی ئێران و کوردستان، به‌درێژایی مێژووی هاتنه سه‌ر کاری ڕژیمی ئاخوندی ستەمی چەند قاتیان لیێ كراوەو سەرەڕای هەڕەشەو زوڵم،زۆر ئازایەنە بۆ هێنانە دیی ئازادیی و بەرابەری،له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕژیمه وه‌ستاونه‌وه پێشڕەوی خەباتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بوون و بە بەرخودانی به‌رده‌وامیان نیشانیان دا کە لە دژی دەسەڵاتی نه‌گریسی ڕژیمی ئاخوندی دا هێزێکی کاریگەرن.
له شۆڕشی ژینا دا،ئافرەتان ڕۆڵی کارا و پێشه‌نگیان گێراو بە فیداکاری که‌م وێنه‌یان بونه هه‌وێنی یه‌کگرتوویی لە نێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دژ بە سته‌م و ناعه‌داله‌تی له ئێران و گڕوتینێکی زیاتریان به خه‌بات بۆ ڕزگاریی و گه‌یشتن به لوتکه‌ی یه‌کسانی و به‌رابه‌ری و ماف و ئازادیه مرۆییه‌کان دا.
شۆڕشی ژینا، ژن، ژیان، ئازادی لە نموونه‌ی قاره‌مانی و بوێری و شۆڕشگێڕی ژنان بووە لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازیی گەلانی ئێران و بە شێوەیەكی بەربلاوتر لە هه‌موو جیهاندا، ئه‌و شۆڕشە پیرۆزە ئەو ڕاستیه‌یی بۆ هه‌موو دنیا سه‌لماند که ئافرەتان تا چەند كاریگەریان لە دارشتنی قەوارەو پێكهاتەی سیاسی دا هەیەو هەروەها ئەو ڕاستیەی زیاتر ئاشكرا كرد كە ڕژیمی ئاخوندی چەندە بێ بەزییانە بە ناوی دین و مەزهەب،ستەمگەرو دژی ئازادییەو و ژنی لە هەموو مافەکانی بێبەش کردووەو وەک کۆیلەو ژێرده‌ست چاوی لێ کردون.
ئافره‌تان له شۆڕشی ڕه‌وایی گه‌له‌که‌ماندا، لە پێناو بەدەست هێنانی ماف و ئازادیە نەتەوایەتی و نیشتمانیەکاندا وێڕای ڕۆڵی کاریگه‌ریان له بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی دا،شانبه‌شانی پیاوان له‌مه‌یدان و سەنگەرە جواراوجۆرەکانی ئەم شۆڕشە ڕەوایەداو له‌ڕیزه‌کانی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران دا تێكۆشاون و ده‌ورێکی کاریگه‌ریان گێڕاوه. ئافرەتانی تێكۆشەر و پێشمەرگە،لە ڕیزی سەرکردایەتی و بەڕێوەبەری سازمانی خەبات دا بە ڕێژەێکی بەرچاو خاوەن پێگەو بڕیار و ئەرکن و لەم بوارەش دا زۆر سەرکەوتوانە ڕاسپاردەو ئەرکەكانیان بەڕێوەدەبەن.
سازمانی خەبات،ی کوردستانی ئێران كە سازمانێکی خاوەن مێژووی پڕ لە فیداکاری و سەروەرییەو خاوەن پێگەو مێژووی پڕشنگدارە،لە پێناو پاراستنی ماف و ئازادیەکانی ئافرەتان، کاری کردوە و هەلی بۆ پێشکەوتن و خۆنیشاندانی ئافرەتان لە مەیدانەکانی خەبات و خزمەت کردندا، ڕەخساندوە و بە دامەزراندنی ڕێکخراوی ئافرەتان و بەشداری ئافرەتان لە بەڕێوەبەریی سازمان دا، بواری بۆ ڕەخساندون تا لە پێناوی هاتنەدیی مافەکانیان لە لایەک و خزمەت بە بزاڤی ڕەوای نەتەوایەتیمان لەلایەکی دیكە، هێز و تواناکانیان بخەنەکار و شان بەشانی پیاوان لە ئەرک و بەڕێوەبەری دا خاوەن دەسەڵات بن.
دووباره له‌م ڕۆژه‌دا پیرۆزبایی له سه‌رجه‌م ئافره‌تان و ئازادیخوازانی جیهان، ئێران و کوردستان ده‌که‌ین.
بەرز و پیرۆز بێ ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافره‌تان
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
١٦ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٤٠٢ی هەتاوی
٦ـی مارسی ٢٠٢٤ـی زایینی