یادی سەروەران
یادی سەروەری گەل شەهید جەلالی عەبباسی
نوسینی: مامۆستا پەژار
لە ڕاستیدا ئەوەی لە تای تەرازوی خوێنی شەهیددا، خۆ ببینێ و لە هەڵسەنگاندێکی شۆڕشگێڕانەو موسڵمانانەدا لەگەڵ خوێنی شەهید بێتەوە، تەنیا ڕزگاری نەتەوەکەیەتی. ئەوەیە بارتەقای ئەو گیانانە کە لە ڕاستی و پاکیدا ژیانوو لە پێناو مافێکدا ڕۆیشتون کە هەزارانی بە پەیسەرەوە ڕۆیشتون و پێ شوێنیان کوێر نەکراوەتەوە. ئەوەی داستانی سەرداریان بۆ ئێمە مانان و داهاتووان دەگێڕێتەوە، دێڕە زێڕینەکانی مێژووی خەباتن کە چوونە ناو کۆگای ڕاستیان.ئەو کەسەی کە لە بەرامبەر ستەمگەرو داگیرکەردا دەوێستێ و بۆ وەدەست هێنانی مافی ڕەوا و لاچونی ستەم خەبات دەکا،بە خۆێنیان، ڕێبازو شوێنەواری هەمیشەیی بۆ ئازادیی میللەت دەنووسنەوە.
لە یادی سەروەرانی ئەمجارەدا یادی شەهید جەلالی عەباسی سوارچاکی مەیدانی دژمن ڕاونان دەکەین کە چۆن پیاوانە لە گۆڕەپانی خەباتدا کەمەندی مەرگی بۆ دژمنانی کوردستان ئەهاویشت، تا ئەو کاتەی سپاردەیان كردن، ئازایانە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی نەتەوایەتی و ئایینی خۆیان، ڕۆیشتن و چەکی خەباتیان بە هاوسەنگەرانیان سپارد.
شەهید جەلالی عەبباسی کوڕی ئەحمەد خەڵکی شاری بانە گەڕەکی ساتاوا، لە ساڵی ۱۳٤٤ دا لە بنەماڵەیەکی نەداری کوردەواری چاوی بە دونیای پڕ لە ژان و مەرارەت هەڵهێناو لە بەحری ژیاندا، کەوتە باسکە مەلە. شەهید جەلال هێشتا دوو ساڵ لە تەمەنی تێنەپەڕی بوو کە دایکی کۆچی دوایی کرد و ڕۆڵەی شیرینی بەبێ نازی بەجێهێشت. شەهید جەلال دوای ئەوە کەوتە ناو باوەشی بێ نازی باوەژنەوە.لە ساڵی ۱۳٥۰ بەرەو قوتابخانە بەڕێ بوو، لەگەڵ ئەوەدا کە لە نازی دایک بێبەش بوو، ئازایانە دەورەی سەرەتایی خۆی لە قوتابخانەی "میهرەگان"لە شاری بانەی تەواو کرد و پێی نایە دەورەی ڕاهنماییەوە تا ئەوەڵی نەزەری دەرسی خوێند. شەهید جەلال جیا لەوە کە قوتابیێکی ژیرو بەهۆش بوو لەو قوتابیانەش بوو کە لە هەموو تەزاهوراتێکدا وەک هەموو قوتابیەکان بەشداری دەکرد.هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی مەوجودیەتی سازمانی خەبات، شەهید جەلال لە ڕۆژی ۱۳٥۹/٦/۲۹ دا وەک ڕۆڵەیەکی نیشتمان پەروەر هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە و چەکی شەرەفی کردە شان و زۆر ئازایانەو بەبێ ترس بەرەو بەرەکانی شەڕ لەگەڵ زۆرداران، شان بەشانی هاوسەنگەرەکانی وەڕێ کەوت. زۆربەی شەڕەکانی بانەو سەقز و بۆکان و سەردەشت، مەیدانی ئازایەتی ئەو شێرە کوڕە بوون. شەهید جەلال جیا لە ئەرکی پێشمەرگایەتی ماوەیێک بەرپرسی ماڵی هێزی شەید سەیید خەلیلیشی بە ئەستۆ بوو. بەڵام حەزی دەکرد کە بەرپرسیارەتی دارایی لێ وەرگیرێتەوە، هەموو توانای خۆی لە کاری نیزامی و گیان بەختکردندا بخاتە کار. بێ دڵی نەکرا بەرپرسیارەتیەکەی لێوەرگیراوە. شەهید جەلالی عەبباسی قارەمانێک بوو کە سنگی پڕ لە ئیمانی خۆی دەرکردە سوپەری هەڤاڵان و لەگەڵ ئەرکی پێشمەرگایەتیدا ئەرکی خودا پەرەستیشی بەجێ دەهێنا.بەداخی گرانەوە لە ڕۆژی ۱۳٦۲/۱۲/۱۸ دا لە شەڕێکی قارەمانانەدا کە زیاتر لە ۲۰ کەس لە هێزی دژمن کوژران، لەسەر جادەی بانە- ئارمردە لە نزیک گوندی ماسیدەر بە فیشەکی ناپیاوانی مێژوو پێکراو گیانی پاکی بە سەرچیا بەرزەکانی کوردستاندا بەرەو بەهەشتی بەرین باڵی گرت.هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی بێت