خەڵکی نیشتمان پەروەر و ئازادیخوازی گوندی ئەوێهەنگی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بەبۆنەی پێشوازی لە نەورۆز و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چوارشەممە سوری و نەورۆزی، پەیامێکیان ڕوو بە خەڵکی ئازادیخواز و خەباتکاری کوردستان بڵاو کردەوه.
لەم پەیامە ئازادیخۆازانەیە نوسراوە:
هاوڕێیان! خۆشک و برایانی خۆشەویست!
سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست بێت. سپاس و دەس خۆش بوون لە هەموو ئێوەی خۆشەویست کە لە مەراسمی نەورۆزی گوندەکەماندا بەشداریتان کرد. دەست و چاوی هەموو لایەکتان خۆش بێت. ئەوەی لەبەرچاو بوو نەورۆزی ئەمساڵ زۆر جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو بوو. نەورۆز بە گۆرانی نیشتمانپەروەری و هەڵپەرکێ دەستی پێی کرد و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" گەشاوەتر بوو.
ئەوەی ئەم نەورۆزەی جیاوازتر کرد بوو بەکارهێنانی جامانە و گوڵی سوور و دانی شوعاری "مەرگ و نەمان بۆ جاش و داگیرکەر" و "سەرکەوێ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی" بوو. پێکەوە بوونی جامانە و گوڵی سوور ئاوەها پێکەوە بوونێک دەخۆڵقێنێت کە چاوی داگیرکەر بە کوێری دەبات.
ئێمەی خەڵکی گوندی ئەوێهەنگ بە خوێنی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی پەیمانێک دەبەستین کە هیچکات دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و خوێنی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری لەبیر نەکەین.