هاونیشتمانانی خۆڕاگر!
هاونیشتمانانی خۆڕاگر!
ئەندام و لایەنگرانی تێکۆشەری سازمانی خەبات!
5ی خەرمانانی 1398ی هەتاوی، 39 ساڵ بە سەر دامەزرانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران تێپەردەبێ و سازمانەکەمان پێ دەنێتە چلەمین ساڵی تەمەنی پڕ لە شانازی و سەروەری، بەم بۆنەوە گەرمترین پیرۆزبایی بە رێبوارانی رێبازی سازمانی خەبات، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان،خەڵکی زوڵملێکراوی کوردستان، تێکرای ئەویندارانی رێگەی ئازادی و خەباتکارانی شۆرشی ڕەوا لە بەرانبەر ڕژیمی ئاخوندی ڕادەگەێنین.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران 39 ساڵ لەوەپێش لەلایەن چەند مامۆستای شۆرشگێڕ و کەسایەتی دیاری کوردستان بە سەرکردایەتی مامۆستا سەید جەلالی حوسەینی دامەزرا. سازمانی خەبات لە هەلومەرجێکدا پێی نایە مەیدانی خەباتی نەتەوەیی بۆ رزگاری نەتەوەی کوردو تێکۆشان بۆ بە دەست هێنانی مافە سیاسیی و نەتەوەییەکانی کورد، بەداخەوە کوردستان لە رەوشێکی حەستەم و قورسدا بوو، دۆخێکی وا کە رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی خومەینی بەپێچەوانەی ویستی خەڵکی کوردستان، شەڕێکی ماڵوێرانکەری سەپاندبوو، وە کورد ناچار بە دیفاع لە خاک و نیشتمانی خۆی کرد.
دەوری کاریگەری سازمانی خەبات!
لە کاتێکدا کە دامەزرێنەرو کادر و پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لە دوو ساڵ لەوە پێشەوە دەوری گرینگ و کاریگەریان گێڕا لە روخانی رژیمی پاشایەتی لە کوردستان و لە رووداوەکانی دواتریش و بەتایبەت شەڕی سێ مانگە کە بە فەرمانی نارەوای ئاخوند خومەینی بۆ سەر کوردستان و بە کافر دانانی نەتەوەی چەوساوەو موسڵمانی کورد دەستی پێکردبوو، لە چەندین قارەمانەتی و جەنگی کەم وێنەدا دوژمنیان تێک شکانداو بەوپەڕی لێبڕاوی لە دیفاع لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەوری بەرچاویان گێڕا کە دوای 40 ساڵ ئەو خەبات و کۆڵنەدانە لە بەرانبەر دوژمندا بە شێوەی سیاسی و تەشکیلاتی و ڕاگەیاندن و مانەوە لە سەر ئوسووڵ و بڕیاڕی لێبڕاوانە درێژەی هەیە.
بە دامەزرانی سازمانی خەبات لەلایەن ئەو مرۆڤە کوردپەروەر و نەتەوەییانە لە 5ی خەرمانانی 1359ی کۆچی خۆری، بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان چووە قۆناغێکی نوێ لە راست بەرپەرچدانەوەی دژمن، سازمانی خەبات ئەو کەلێن و بۆشاییەی لە جوڵانەوەی مافخوازانەی کورد هەبوو، وە تەنیا هێزە چەپ و سوسیالیستەکان لە کوردستاندا چالاک بوون هاتە مەیدان و بووە پەرچەمداری رێچکەو رێبازی نەتەوەیی خۆماڵیانەی ئەوتۆ کە خەڵک بەبێ نامۆیی لە دەوری ئاڵێن. بە دامەزرانی سازمانی خەبات بزوتنەوەی کوردستان لەلایەک بووە بزوتنەوەیەکی فرەرەنگ لە باوەرو ئیدۆلۆژی و لەلایەکی دیکەوە بەپەرچدانەوەیەک بوو بۆ پیلان و بەرنامە شەرئەنگێزیەکانی خومەینی کە بەبیانووی بوونی هێزە چەپ و کومنیستەکان خەڵکی کوردی بە کافر دەناساندو هانی کەسانی نەزان و ئیحساسی لە ئێرانی دا، لە جیهاد دژ بەو نەتەوەیەکی زۆرینە موسڵمان بەشداری بکەن. هەروەها سازمانی خەبات ئەو راستیەی بۆ هەموو لایەک سەلماند کە ئەوانەی لە بزوتنەوەی کوردستاندا بۆ مافە نەتەوەییەکانی کورد خەبات دەکەن هەمووی چەپ و کومنیست نین، بەڵکوو گەلی کورد ئازادیخوازەو تەنیا مەبەستیەتی بە مافەڕەواکانی بگاو لە داگیرکاری رزگاری بێ و لە پەلامار و جیاوازی دانان دوور بێ. گەلی کورد خوازیاری ژیانێکی ئارام و ئاشتیانەن لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران بووەو هەیەو، لە پێناو ئامانجە بەرابەری خوازی و مافخوازیەکانی لێبڕاوانە خەبات دەکات.
سازمانی خەبات تەبایی و هاوکاریی!
بێگومان یەکێک لە ئامانجەکانی سازمانی خەبات هەر لە سەرەتای پێکهاتنیەوە، تێکۆشان لە پێناو یەکێتی و تەبایی و کاری هاوبەش لە نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و زاڵ کردنی بیری ئاشتی و تەبایی نێوان دانیشتوانی کوردستانە، ئەو ئامانجەی سازمانی خەبات لە مێژووی چل ساڵ کارو تێکۆشانیدا بە ڕوونی رەنگی داوەتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەو ئامانج و بەرنامەی سازمان، بەداخەوە هێزەکانی دیکەی کوردستان دەورێکی خراپ و نادیموکراتیکیان گێڕا لە پیلانگێڕی و پەلامار و پروپاگەندەی نارەوا و نادروست لەسەر سازمان و هەر زوو دەستیان دایە دروست کردنی تەنگ و چەڵەمە لە سەر رێگەی کارو چالاکی سازمانی خەبات.
لە ماوەی کار سیاسی خۆیدا سازمانی خەبات دەبوو لەلایەک بەرپەرچی هێرشی هێزەکانی رژیمی خومەینی بۆ سەر کوردستان بداتەوەو لەلایەکیش بەرپەرچی پیلانی نەیارانی ناوخۆیی بداتەوە، کە ئەو هەلومەرجە نەخوازراو قێزەونە راستەوخۆ کاریگەریان سەر کار و تێکۆشانی سازمان دانا. هەر بەم بۆنە پیرۆزەوە داواکارین هەوڵ و کارەکان لە پێناو تەبایی و یەکگرتوویی و هاوکاری نێوان هێزەکانی کوردستاندا بێ لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە ڕەوا نەتەوەیی و سیاسیەکان لە کوردستان وئێراندا.
دەوری گرینگی رێبەری و تێکۆشەرانی رێبازی سازمان!
سەرکردایەتی سازمانی خەبات و بەتایبەت مامۆستای نەمر مامۆستا سەید جەلالی حوسەینی بۆ وەلا نانی هەموو کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم خەبات و تێکۆشانی سازمان، ئەرکێکی گەورە و قورسی کەوتە سەرشان و بەرێزیان بە شەو نخونی و رەنج و ماندووبوون و لێبڕان و سیاسەتی حەکیمانە و بەهاوکاری پێشمەرگە فیداکار و قارەمانەکان توانیان سازمانی خەبات لە هەموو ئەو قۆناغە سەخت و حەستەمانە دەرباز بکەن و ئەو تەشکیلاتەی نەیارانی گرێوی نەمانیان لەسەر دەکرد ببێتە هێزێکی دژمن بەزێن و دژ بە مۆلگە و بنکە هێزی پاسدار و بەکرێگیراوی رژیم لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان داستانی کەم وێنە تۆمار بکەن و گیانبازی و چاونەترسی و فیداکاری هێزی پێشمەرگەو سەرکردە پاک و بێ هەڵە و پەڵەکانی سازمانی خەبات ببنە وێردی سەر زاری خەڵکی کوردستان.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، مەکتەبی پاکی و بێ گەردی کوردایەتی بووە و رێبوارانی ئەو رێبازە وا بار هێندراون کە بەو پەڕی پاکی و سەداقەتەوە خزمەتی نەتەوەکەیان بکەن و پارێزگاری لە نامووس و کەرامەتی خەڵکی کوردستان لە پێش هەموو شتێکەوە ببینن و لە راست بیری جیا لە خۆشیان بەو پەڕی سینگ فراوانی و پشوو درێژی هەڵسووکەوت بکەن.
مەبەست و ئامانجمان بۆ داهاتوو!
لە کاتێکدا رێز لە 39 ساڵ مێژووی درەوشاوەو پاک و سادقانەی سازمانی خەبات دەگرین کە رژیمی ئاخوندی قورسترین رۆژەکانی تەمەنی خۆی بەرێ دەکات، ئەو رژیمە بەهۆی سیاسەتی شەرئەنگێزی لە ناوچەکە، دەستێوەردان لە وەڵاتان، پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکەیی و مووشەکی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە کەوتووەتە ژێر بەربڵاوترین فشاری سیاسی و ئابووری و ئەو فشارانە بڕستی لەو رژیمە بڕیوە و رێگەی پێش و گەرانەوەی لێگیراوە. ئەوە لە کاتێکدایە دەسەڵاتی ئاخوندان لە نێوخۆیدا بزڕکاوەو دابەش بووە بەسەر چەندین باڵ و باندی جیاجیادا و هەر کام لەو باندانە بەدوای بەشی خۆیەوەتی و رۆژانە گەورەترین گەندەڵی و فەسادی دارایی و سیاسی و ئیداریی لەیەکتر لەقاو دەدەن. لەلایەکی دیکە جەماوەری ئێران کە جوێ لە هەژاری و دەرد و مەینەتی و نەهامەتی هیچیان پێ ناگات، رق و توورەییان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێ و نارەزایەتیە جەماوەریەکان بەشێوەیەک بەرین و بەربڵاو بووتەوە کە چاوەرێی راپەرینێکی جەماوەری لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە دەکرێ و هەتا فشارەکان بۆ سەر رژیمی ئاخوندی زیاتر بکرێ ئەو دەسەڵاتە بێ تواناتر و رق و توورەیی جەماوەر زیاتر دەبێ و داڕمانی ئەو دەسەڵاتە لە نێو خۆدا لە هەر ئەگەرێکی دیکە زیاتر مەزەندە کراوە.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کە باوەڕی قوڵی بە روخانی رژیمی ئاخوندی و دیموکراتیزەکردنی ئێران و دامەزرانی دەسەڵاتێکی خەڵکی و دیموکراتیک و دابین بوونی مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان هەیە، لەم دۆخەدا پێداگری زیاتر لەسەر هەوڵەکان بۆ هاتنەدیی ئەو ئامانجانە دەکاتەوەو پێی وایە پێویستە بۆ کۆتایی زووتری ئەو دەسەڵاتی ئاخوندی خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە کەڵک لە دەرفەتەکان وەرگرن و لەو راستیە دڵنیابن کە لە دەسەڵاتی ئاخوندیدا هیچ کام لە ماف و ئازادیەکانی کورد نایەتەدیی، لەم دۆخەشدا لەسەر هەر تاکێکی خەڵکی کوردستان پێویستە لێبڕاوانەتر لە رابردوو کورەی خەبات دژ بە ئاخوندان نێڵ بدەن.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پێداگری لەسەر رەدی وتووێژ و دانووستان لەگەڵ رژیمی ئاخوندان دەکاتەوە و پێی وایە هەر جۆرە دانیشتنێک لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە زیان بە بزوتنەوەی کوردستان و رابردووی ئەو لایەنانەش دەگەیەنێ کە لەگەڵ دەسەڵاتێکدا دەچنە سەر مێزی وتووێژ کە مێژووی ئەو دەسەڵاتە لە کوردستان پڕە لە سەرکوت و جینایەت و کوشت و بڕ و لەلایەکی دیکە لە ئێستادا کە تەمەنی ئەو دەسەڵاتە بەرەو کۆتایی دەروات و لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی گەمارۆ دراوە و ناوەند و ئورگانە گرینگەکان و بەتایبەت وەلی فەقیهی ئەو دەسەڵاتە خراونەتە لیستی تیرۆر و گەمارۆکان و هەر جۆرە موزاکرەیەک لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە بە عەیب و ئیرادێکی زۆر دەبیندرێ.
سازمانی خەبات لە یادی 5ی خەرمانادا پەیمان لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و خەڵکی کوردستان نوێ دەکاتەوە کە هەتا سەر و سەرکەوتن خەباتی شۆرشگێڕانە و نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی خۆی درێژە پێ دەدات.
هەر شەکاوە بێ ئاڵای سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازی نەتەوەی کورد و گەلانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
5ی خەرمانانی 1398ی ک خ