ڕۆژی شەممە ٢٦ڕەشەمە ی 1402ی هەتاوی، فەرماندەیی ناوەندیی سپای (سێنتکام)، لەنێوبردنی لانیکەم دوو درۆن و پێنج کەشتی بێ سەرنشینی میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ڕژیمی ئێرانی ڕاگەیاند.
سێنتکام، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بڵاوی کردەوە، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، حوسییەکان بە پاڵپشتی ڕژیمی ئێران دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن بەرەو دەریای سوور هەڵداوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزەکانی سێنتکام، بە سەرکەوتوویی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لەنێو بردووە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکەشان لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە.
هەروەها، فەرماندەیی ناوەندیی ئامریکا زیادی کرد، هێزەکانی ئەم بارەگایە بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆیان، پێنج کەشتی بێ سەرنشین و یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن تێک شکاندووە.