پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

سەروەری گەل شەهید ئەمیر بەهرامی ناسراو بە ئەمیرمەریوانی

سەروەری گەل شەهید ئەمیر بەهرامی ناسراو بە ئەمیرمەریوانی
دەنگی خەباتی کوردستان

یادی سەروەران

سەروەری گەل شەهید ئەمیر بەهرامی ناسراو بە ئەمیرمەریوانی
ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدە سەربەرزەكانمان بێ پسانەوە بەرەو لوتكەی پیرۆزی شەهادەت وەرێ دەكەون و یەك لە دوای یەك بە خوێنی پاك و گەشیان تۆماری شانازی بۆ گەلەكەیان مۆر دەكەن و بە نرخی گیانیان گیانێكی تازە دەخەنە بەر خەباتگێڕانی دوای خۆیان، و بە مردنی بە ڕواڵەتیان گەلەكەیان بە زیندوویی دەهێڵنەوە. گەلی چەوساوەی كوردستان وەك گەلێكی خاوەن باوەڕ بە سەربەستی وەك ژێر چەپۆكەیەك كە دەبێ بۆ ڕزگاری لە ستەم تێ بكۆشێ، بە ئەركی نەتەوایەتی خۆی دەزانێ كە لە پێناو وەدەست هێنانی مافە ڕەواكانی خۆیدا بێ وچان و شێلگیرانە خەبات بكاو چالاكانە تێبكۆشێ، هەر بۆیە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكانی خەباتی خوێناویدا بە دەستی دلێر و بە هێزی ڕۆڵە بەشەرەف و فیداكارەكانی، ئاڵای بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی هەڵگرتووەو لەسەر لوتكە خوێناویەكانی كوردستان بە تینی شۆڕش هەڵكردووە و  گەلێكی شۆڕشگێرو زیندوو لە بەرانبەر زۆرداران و ملهۆڕان و خوێن مژانی مێژوودا ڕاوەستاوەو لەم ڕێگا حەستەم و پڕ لە كەندو كۆسپەدا هەزاران هەزار شەهید و بریندار و نقوستانی كردۆتە قوربانی و زۆر شار وگوندی كوردستان بەم هۆیەوە بەدەست دوژمنان كلیس و كاوول كراون و دارایی و سامانی زەحمەتكێشانی كوردستان بوونە دەستە چیلەی شەڕی داسەپاو بە سەر كوردستاندا، بەڵام تا مێژووی خەبات درێژتر بۆتەوە و زەبر و زەنگی دوژمنانی نەگریسی كورد وكوردستان بەرین ترو بەتین تر بووە، خۆڕاگری و ورەی ڕۆڵەكانی كوردستان بە هێزتر و بەرزتر بۆتەوە و پلەی تێ گەیشتن و شۆڕشگێڕیان زۆرتر چۆتە سەرو لە مەودایەكی بەرینتردا ئاگریان بەرداوەتە تەمەنی پڕ لە شوورەیی دوژمن و ئۆقرەیان لێ بڕیوە. دووبارە گەردوونی ئاكار بەلاوە چوو و چەرخی چەپگەڕ لەگەڵ دایكی دێوەزمەی زەمانەو شەوی كۆرپە دزی دایك تۆقێن خۆیان بە كەلێنی خانووی ژیانی هەڵوەشاوەدا هێڵایەوە ناو باغی غەملاوی پیر نەمامی سەربەستی و ئازادی نەتەوەكەمان و شۆڕە نەمامی پڕ هیوا و هومێدی گەلە چەوساوەكەمانی لە باوەشی قەهریی یەكجاری خۆی گرت، وەك شەهید ئەمیر بەهرامی ناسراو بە (ئەمیر مەریوانی) بێ. دووبارە لاپەڕەی مێژووی شۆڕشی نەتەوەكەمان بە خوێنی پاكی باشترین و بە هەستترین ڕۆڵەی خۆی، خۆی ڕەنگاند كە خوێنی ئاڵواڵای ورەی زیاتر دەدا بە دڵان، هەروەك دیمەن و وێنەی ڕەغبەت دەدا بە گوڵان. شەهید ئەمیر كوڕی ئەحمەد خەڵكی مەریوان كوڕە كوردێكی ژیرو نەدار و خاوێن بوو و ئەویندارێكی بەڕاستی كوردایەتی بوو. هەر لە سەرەتای ژیانیەوە لەگەڵ دێوەزمەی نەداری و ژێرچەپۆكی دەستە و یەخە بوو، لە تەمەنی 8 ساڵیدا باوكی شەهید ئەمیر بەرەو زانستی علومی دینی لە یەكێك لە مزگەوتەكانی گوندەكانی دەوور و بەری شاری مەریوان ڕەوانەی كرد و ماوەی 2 ساڵ لە لای مەلا ئایینیەكان دەرسی دینی خوێند، پاشان بۆ بەرز كردنەوەی پلەی زانیاری خۆی تا ساڵی ئەوەڵی ڕاهنمایی خوێند. شەهید ئەمیر لە ساڵەكانی ئەوەڵی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دام و دەستگای چەپەڵی شایەتی وەك هەموو لاوەكانی دیكەی كوردستان، چالاكی و ئازایەتی نواند. لە ساڵی 1359 دا بوو بە پێشمەرگەی لایەنێكی موخالیفی ڕژێم و دوای هەڵسەنگاندن و تاقی كردنەوەی سازمانی خەبات لە هاوینی ساڵی 1360 دا هاتە ناو ڕیزی پڕ لە شانازی پێشمەرگەكانی سازمانی خەباتەوە و زۆر ئازایانە و لێ هاتوویانە شان بە شانی هاوسەنگەرەكانی لە زۆربەی شەڕەكانی بانە و سەردەشت و شوێنەكانی دیكەی كوردستان بەشداری كرد. لە مانگی 12ی ساڵی 1363 دا لە لایەن كومیتەی شارستانی بانەوە بە ئەندامی كومیتەی ناوچەی (حەوتەوانان) لە بەشی ماڵی دامەزراو بۆ ئەنجامدانی كارو باری شۆڕش و سازمانەكەی لەگەڵ هاوبیر و باوەڕەكانی ڕەوانەی ناوچەی دەشتە تاڵی بانەوە بوو. شەهید ئەمیر زۆر دڵسۆزانە و ئازایانە كاروباری پێ سپێردراوی خۆی ڕادەپەڕاند كە بەم هۆیەوە بوو بە خۆشەویستی هەموو هاوسەنگەرەكانی و خەڵكی ناوچە. بەڵام بە داخێكی گرانەوە لە ڕۆژی 16/1/1364 كە بۆ مەئموورییەتی سازمانی چوو بوونە گوندی (شەیدیلە) لە لایەن دوژمنانەوە گەمارۆدران و دوای شەڕێكی سەخت بە گولەی ناپیاوانی مێژوو پێكرا و چاوی پڕ لە ئەندێشەی ئەوینداری بە گەل و سازمانەكەی لە سەر یەك دانا و دڵی پڕ لە ئاوات و ئارەزووی لە كار كەوت. 

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی هەموو ئازیزانی شەهیدی كوردستان

7 مانگ و 24 ڕۆژ و 11 کاتژمێر و 49 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

سەروەری گەل شەهید ئەمیر بەهرامی ناسراو بە ئەمیرمەریوانی

سەروەری گەل شەهید ئەمیر بەهرامی ناسراو بە ئەمیرمەریوانی



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن