بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵیەکان، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، خەدیجە مێهدیپوور، بەندکراوی سیاسی پێشوو خەڵکی شاری ئەیوان غەرب بە بیانوی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆری لەلایەن هێزی سەرکوتی ڕژیم گیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردو، خەدیجە مێهدیپوور کە بۆ جێبەجێکردنی کارێکی ئیداری لە مێترۆی "نەبەرد"ی تاران چووبووە دەرەوە، بە بیانوی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆری و داسەپەوای ڕژیم بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزەکانی سەرکوتی ژنان گیراوە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان بەکرێگیراوە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم بۆ ماوەی ۱۰ خولەک لەبەر چاوی خەڵکەوە لەم خاتوونەیان داوە و دواتر بۆ پۆلیسی سەرکوتی ڕژیم ڕاگوێزراوە و پاش دوو سەعات ڕاگیران و ئامادە نەبونی بۆ واژۆ کردنی بەڵێننامەی نووسراو، پاش واژۆکردنی بەڵگەی پشتڕاستکردنەوەی تەندروستیی خۆی ئازاد کراوە.