حەسەن عومەرپوور، بەندکراوی سیاسی کورد و تەمەن ٢٩ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، مانی لە خواردن گرتووە و هەر ئەو ڕۆژە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو بەندکراوە لە چوار ڕۆژی پێشووەوە بە فەرمانی سەرۆکی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە تەواوی مافە بنەڕەتییەکانی خۆی وەکوو پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن بێبەش کراوە٠
حەسەن عومەرپوور، لەلایەن لقی ٣ی بێدادگای بەناو شۆڕشی ڕژیم لە ورمێ بە تۆمەتی ساختەی "بەشداریکردن لە هاوکاریی ئیتلاعاتی و سیخوڕی بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل" سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.