بەپێی هەواڵەکان ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ۱۴۰۳، هێزەکانی سپای ترۆریستی پاسداران هاوکات لەگەڵ هێزەسەرکوتکەرەکانی سەر سنوور لە گوندی قەبری حوسێن هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و حاڵی خەڵک و زیاتر لە ٣٠٠ ئەسپی کاسبکارانیان بە تاڵان بردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو هێزانە بەرەبەیانیی زوو و بەر لەوەی خەڵک لە خەو هەستن بە چەند ئوتۆمبیل و هێزێکی زۆرەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خەڵک و دەستیان بە سەر ئەسپەکاندا گرتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وتوویەتی: پاش دەسبەسەرداگرتنی ئەسپەکان، خەڵکی گوند بە شۆفێری بارهەڵگرەکانیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری بارکردنی ماڵی بەتاڵانچووان ئەوانیش لەو تاوانەدا بەشدارن و بەرپرسیار دەبن.
لە ئاکامدا هێزە داگیرکەرەکان چونكە نەیانتوانیوە ئەسپەکان بار بکەن بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە کە هەر یەک لە ئەسپەکان بە نرخی ١٧ میلیۆن تمەن بە خاوەنەکانی خۆیان دەفرۆشنەوە.