ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ۱۴۰۳، سدیقە وەسمەقی، لێکۆڵەری بواری ئیسلام و یەکێک لە ڕەخنەگرانی دژ بە ڕژیمی ئاخۆندی، پاش دانانی بارمتە لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.
ئازادکرانی ناوبراو لەکاتێکدایە کە خاتوو وسمەقی بەر لە ئازادکردنی، نامەیەکی بۆ کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسی و باسی لە شکەنجەو ئازارەکانی لەلایەن ڕژیمەوە لە زینداندا کردووە.
ئەم خاتوونە لە نامەکەیدا نووسیویەتی: زیاتر لە چل ڕۆژە بە تۆمەتی ساختەی لابردنی سەرپۆش، بەشێوەیەکی دڕندانە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی کە لەژێر دەست و بڕیاری ڕێبەری ڕژیم دان، لە ماڵەکەی خۆمەوە گیراوم و ڕادەستی زیندانی ئێڤین کراوم.