ڕۆژی سێشەممە ٨ جۆزەردانی ١٤٠٣، بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێڤین، قزڵحەسار، کەرەج وخوڕماوا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەکۆمەڵی سێشەممەی نا بۆ لە سێدارەدان سەرەڕای سەركوتكردنیان، بۆ ١٨ـەهەمین حەوتوو لەسەریەک مانیان لە خواردن گرت و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
لەم حەوتوویەدا بەندکراوان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدان و سەرکوت و هاوسۆزی لەگەڵ خانەوادەی لەسێدارەدراوان مانیان لە خواردن گرت. بەندکراوان لە دۆخێکدا مانیان گرتووە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین بەندکراو لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.
ئەم مانگرتن لە خواردنە ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە لەسێدارەدانی زیندانییانی زیندانی قزڵحەسار دەستی پێکردووە و تا ئێستا هەموو سێشەممەیەک بەبێ پچڕان بەردەوام بووە.