تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە، شەهرام کازمیان، بەندکراوی سیاسی و چالاکی مەدەنیی خەڵکی ورمێ، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی جۆزەردان١٤٠٣، دوای لێدانی لەلایەن هێزەکانی بەندیخانەی ورمێ، لە حەمامی بەندی زیندانییانی سیاسی هەوڵی دا کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت، کە هاوبەندییەکانی وە فریا کەوتوون و لە مردن ڕزگارییان کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان باسی لەوە کردووە کە شەهرام کازمیان، بەدەست نەخۆشییەکی چارەسەرنەکراوەوە دەناڵێنێت و مانگێک پێش ئێستا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کراوەتەوە.
شەهرام کازمیان ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی تروریستی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئێران لەم شارە گیراوەو پاش ٢٧ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیمەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.
ناوبراو بە تۆمەتی ساختەی چالاکیی تەبلیغی دژ بە رژیم و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە.