ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردان١٤٠٣، شوعەیب فەلاحی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "دەرەتفێ" نزیک لە شاری مەریوان، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات تروریستی رژیم لەم شارە گیراوە.
بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە خانەوادەی شوعەیب فەلاحی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات تروریستی رژیم دوای گرتنی ئەم هاووڵاتییە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی و پشکنیویانە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتی ناوبراو وەکوو کۆمپیوتەر و مۆبایلەکەیدا و گرتووە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕ١٤٠٣، ڕزگار کەریمی، خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تروریستی تژیم لە ئەم شارە گیراوەو زانیارییەک لە دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماڵەکەی خۆی و بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رژیم گیراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی ڕزگار کەریمی، ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٣٩ ساڵە لە لایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەکانی رژیم بە تۆمەتی ساختەی پڕوپاگەندە دژ بە ڕژیم گیراوە.
هەر لەم پەیوەندیەدا هەژار ڕەحیمی، ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، ڕۆژی ٥ی جۆزەردان دوای بانگهێشت كردنی بۆ ئیدارەی تروریستی ئیتلاعاتی سپای پاسداران گیراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆی گرتن و تۆمەتە وەپاڵدراوەكانی و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.