بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا لە دەستپێکی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە بەگشتیلە لایەن تروریستە چەکدارەکانی رژیم، ٩٨ کۆڵبەر لە کوردستانی رۆژهەڵات کوژراو و بریندار کراون کە لەم نێوانەدا ١٧ کۆڵبەر گیانیان داوە کە ٦ کەس لەو کۆڵبەرانە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.
١١ لەو کۆڵبەرانە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تروریستەکانی ڕژیم، ٢ کۆڵبەر بە هۆی سەرمابردوویی، ٣ کۆڵبەر بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە بە هۆی ڕاودوونانی بەکرێگیراوانی رژیم، و کۆلبەرێکی دیکەش بەهۆی ڕاوەستانی دڵ لەژێر فشار و قورسایی باری کۆڵەکەیدا گیانیان داوە.
هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرترین ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە بووە، و ڕێژەکەی بەم چەشنە ڕاگەیەندراوە؛ ٤٤٪ی کۆڵبەرەکان لە سنووری نەوسوود ٢١٪ی لە سنووری بانە، ١٥٪ی لە سنووری هەورامان، ٨٪ی لە سنووری مەریوان، ٦٪ی لە سنووری سەردەشت و ٤٪ی کۆڵبەران لە سنووری سەقز کوژراون و بریندار كراون.