پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لە گرتنی خالید مێهماندووست، لاوی کوردی خەڵکی مەهاباد، هێشتا چارەنوسی ناوبراو نادیارە و لەم ماوەیەدا ناوەندە سەرکوتکرەکانی ڕژیم وێڕای هەوڵدان بۆ شاردنەوەی هەواڵی گرتنی ناوبراو، ئەم لاوەیان لە گرتنگەدا خستووەتە ژێر توندترین ئازار و شکەنجەی جەستەیی و دەروونییەکانەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خالید مێهماندووست (ناسراو بە فەریاد)، کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ترۆریستەکانی ئیتلاعاتی سپاوە گیراوەو بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە سەرکوتکەرە ڕاگوێزراوە.
ئەم لاوە بۆ ماوەی سێ مانگ لەم گرتنگەیەدا، لەژێر سەختترین و توندترین شکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە، بە جۆرێک کە پاش قۆناغەکانی لێپرسینەوە پێویستیی بە پزیشک دەبێ و لە پشکنینەکاندا دەردەکەوێ کە سیستەمی هەرسکردن و میزکردنی تووشی کێشە بووەو بەپێی پشکنینەکانی یەکێک لە پزیشکەکانی دەمار؛ ئەم لاوە کوردە توانای مانەوە لە بەندیخانەی نییە.