ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ڕەزا بەبرنەژاد ئەندامی خانەوادەی دادخوازان و برای مەهدی بەبرنەژاد لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بۆ جاری دووەم لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن هێزە ترۆریستەکانی ڕژیم گیراوەو بۆ بەندیخانەی قووچان گواستراوەتەوە.
ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، دوای ١٣ ڕۆژ ڕاگیران لە بەندیخانەی شاری قووچان بەدانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
شایەنی باسە کە ڕەزا بەبرنەژاد ساڵی ڕابردوو لە نزیکیی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی براکەی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ترۆریستی پاسدارن لە قووچان سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی گیرابوو.
مەهدی بەبرنەژاد، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی قووچان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ترۆریستەکانی ڕژیم شەهید کرا.