سەر لەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە۲۴ی جۆزەردان ۱۴۰۳، لە بەیاننامەیەکدا سێنتکام لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ سەعات دا هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی سێ شوێنی هەڵدانی مووشەکی دژە کەشتیی کرووزیان لە ناوچەیەکدا لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حوسییەکانەوە بەرەو دەریای سوور هەڵدراە لەنێو بردووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، حوسییەکان دوو مووشەکی بالیستی دژە کەشتییان بەسەر دەریای سووردا هەڵداوە و هیچ زیانێکی گیانی و زیانێکیشی بەر کەشتییە ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانان نەکەوتووە .
ئاماژە بەوەش کراوە، حوسییەکان کەشتییەك کە ئاڵای لیبی لەسەر هەڵدرابوو و خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی بۆ یۆنانیەکان دەگەڕێتەوە کردۆتە ئامانج و زیانێکی زۆریان پێگەیاندووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم هەڵسوکەوتە بەردەوامەی حوسییەکان كە لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات و ژیانی دەریاوانانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەخاتە مەترسییەوە.