حوکمی زیندانیی موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و یەکێک لە چالاکانی مافی زمانەوانی و نەتەوەیی خەڵکی کەلاردەشت لە مازەندەران، کە لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" گیرابوو؛ گۆڕدرا بۆ ڕێی باز و بە دانانی بارمتە ئازاد كرا.
بە پێی سەرچاوەكانی هەواڵ ئەم چالاکوانە ژنە لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی جۆزەردان ۱۴۰۳ حوکمەکەی لە دەرەوەی زیندان بەسەر دەبات.
موژگان کاوسی لە لایەن دادگای بەناو ئینقلابی ڕژیم لە ساری بە تۆمەتی ساختەی "کۆبوونەوە و هاوکاری دژ بە ئاسایشی وڵات"، بە ٣٩ مانگ زیندانی ناڕەوا و بە تۆمەتی ساختەی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی ناڕەوا و بە تۆمەتی ساختەی"چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی ڕژیم" بە ٨ مانگ زیندانیکردنی ناڕەوا سزا درابوو.
بەپێی توندترین یاسا، حوکمی ٣٩ مانگ زیندانی بە ڕۆژانی بەندکرانی پێشووەوە بۆ ئەم نووسەرە کوردە جێبەجێ دەكرێ.