پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

 یادی سەروەری گەل شەهید تەها رۆحی ناسراو بە (تەها سوور)

 یادی سەروەری گەل شەهید تەها رۆحی ناسراو بە (تەها سوور)
دەنگی خەباتی کوردستان

یادی سەروەران

 یادی سەروەری گەل شەهید تەها رۆحی ناسراو بە (تەها سوور)

رۆژگار بە پەلە دەڕوا وقۆناغە جۆراوجۆرەكان دەبڕێ و هەر كاتەی كارە ساتێك دەبینین. هەر ساتە ڕووداوی تاڵ یان شیرین لە ناو دڵی مێژوودا تۆماردەكاو بۆ وەچەكانی داهاتوو دەیكاتە دیاری ویادگاری. یەكێك لەو شتە گرینگانەی  كە مێژوو لە سەر لاپەڕەكانی رۆژگاری نووسیوە و هەتاهەتایە وەك سەر خەتێكی زێڕین خۆی دەنوێنێ، خەباتی گەلانی ژێر ستەم و چەوساوەیە كە گەلی كوردستان یەكێك لەو میللەتە ستەملێكراوانەیە كە بەشێكی بەر چاوی لە خەباتەكەی لە ناو دڵی مێژوودا كردۆتە یادگار. گەلی ئێمە لە پێناو رزگاری و بەختەوەری خۆیدا ولە رێگەی پیرۆزی خەباتدا، زۆر قوربانی گرینگی پێشكەش كردووە كە هەر یەكەیان شیاوی یاد كردن ورێز گرتنن. بەڵام ئەگەر بمانهەوێ هەموویان یاد بكەین و یادی تێكڕای سەروەرەكانمان بە تەواوی باس بكەین لە مەودای نووسین وگوتن دا جێگەیان نابێ. بۆیە ناچارین هەرجارەو یادی دانەیەك لەو ڕۆڵە نەبەزو بەڕێزانەمان بكەین، ئەویش باسی دەریایەك بە دڵۆپێك خۆ قایل بكەین. یادی ئەمجارەمان یادی قارەمانێكی هەڵكەوتووی كوردستان، تێكۆشەرێكی پاك ودڵسۆز، پارتیزانێكی لێ زان و شۆڕشگێڕێكی نیشتمان پەروەر، كاك تەها ڕۆحی ناسراو بە تەهاسوورە كە یادەكەی ڕێگەی خەباتمان بۆ ڕوون دەكاتەوەو تین و توانا دەداتە دەماری میرات گرەكانی لاوە نەبەزو قارەمانە هاوبیرو خەباتیەكانی. كاك تەها سوور بە قارەمانەتی و پاكی وچاكی ودامەزراوی و نەوەستانی و ڕاستی و ئازایەتی، خۆی بە شێوەیەك ناساند بوو كە ئێمە بە پێویستی نازانین تاریفی لێ بكەین. ئەو شەهیدە كرداری زێڕین و شیاوی خۆیەتی كە شاهیدی لە سەر فیداكاری وبەورەیی ونەبەزی و خەباتگێڕی دەدەن. بڵێسەی ئاگری چەكی شۆڕشگێری ونووكی گوللەی لەكاتی هەڵمەتی بۆ سەر سەنگەری داگیركەران، روونترو تیژترن و بەیان و قەڵەمی ئێمە و ئەو، ئێمەیان لە ناساندنی ئەو شەهیدە بەرزە بێ خەم كردووەو هەڵمەتی شێرانەو نەترسیی و گیانبازی و دڵسۆی وخاوێنی وخۆشەویستی، چەند میراتێكی بەر چاو و بە نرخن كە بۆ هاو بیرو هاوسەنگەرەكانی بەجێ ماون و بوونە سەرمەشقی ژیانی شۆڕشگێڕی ئەوان. دامەزراوی و دەست وداوێن پاكی وئەخلاقی جوان بۆتە هۆی جێگیر بوون لە ناو دڵی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بە ڕادەیەك كە باسی ئەو شەهیدە ئێستاش چرا وشەو چلەی مەجلیسانە. كاك تەها رۆحی(تەهاسوور) لە ساڵی ١٣٤٢ دا لە شاری بانە لە خانوویەكی بچكۆلانە وجێو بانێكی هەژارانە و لە ماڵێكی نەداردا چاوی پڕ ئاواتی بە دونیای پڕ لە مەینەتی كوردستان هەڵێنا. ئەویش بە ریزی نەپساوە و دوور ودرێژی ژێر دەست وچەوساوەكانی كوردستان زیاد بوو. شەهید تەها هەر لە سەرەتای ژیانیدا و لە دەورانی منداڵییەوە تێكەڵ بە مەینەت وئازاری نەداری و چارە ڕەشی كوردەواری بوو. فەرهەنگی رەهەندی بێگانەش سەربارێكی تری ئەو نیشتمانە دابەش كراوەیە بۆ ئەو گەلە بەشخوراوە. كاك تەها لە سەرەتای فام كردنەوەی دا بەرەو مەكتەب وەڕێ كەوت وبە هەوڵی سەنگەری دژی ستەم وزۆرداری دا دابین بوو. بەڵام داوی نەداری و كۆسپی هەژاری رێگەیان نەدا كاك تەها بەڕادەی پێویست درێژە بە خوێندنەكەی بدا وئەویش وەك زۆربەی ڕۆڵەكانی كوردستان ناچار بوو بۆ پەیدا كردنی بژێوی نەمر نەژی لە دەورەی ڕاهنمایی دا دەست لە خوێندن هەڵگرێ و بكەوێتە شوێن ئیش كردن. كاتێك شۆڕشی مەزنی گەلەكەمان، ئێران بە سەر رژێمی شایەتیدا سەركەوت و دوای ئەوە كە جوڵانەوەی چەكدارانەی كوردستان رەنگی گرت. شەهید تەها كە لاوێكی كەم تەمەن بوو هەستی خاوێن و بەتینی كوردایەتی و ئایینی هانیدا بێتە ریزی پێشمەرگە ئازاو لە خۆ بردووەكانی كوردستان و چەكی شەڕەفی شۆڕشگێڕی لە شان كرد. شان بە شانی پێشمەرگەكانی كوردستان كەوتە بەربەرەكانێی دژی لەشكەری داگیركەری رژیمی ئاخوندی. لە هەوەڵ رۆژی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی سازمانی خەباتدا بوو بە پێشمەرگەیەكی دڵسۆز و پڕ لە باوەری ئەو سازمانە، لاپەڕە زێڕینەكانی ژیانی پێشمەرگایەتی ئەو شەهیدە پڕن لە باسی ئازایەتی، فیداكاری، گەورەیی و بە ورەیی و قارەمانەتی و لێزانین. ئەو تایبەتمەندییە ئەخلاقانەی كە لە شەهید تەهادا بوون، ببو بە هۆی جێگیر بوونی لە ناو دڵی هاوبیر وهاوسەنگەرەكانی وهەروەها خەڵكی ناوچەكانی جێگەی هەڵسووڕانی ئەو شەهیدە. شەهید تەها رۆژبەرۆژ پلەی لێزانین و لێهاتوویی باری نیزامی و تاكتیكی شەڕی پاڕتیزانی بەرزتر و بەچاوتر دەبوو ورەی شۆڕشگێڕی وگیانی لە خۆبردوویی وئاكاری پاكی وچاكی بە هێزتر وبە چاوتر دەبوو. هەر بۆیەش بە زوویی لەو تەمەنە كەمەیدا توانی بە پلەی فەرماندەری بگا و بەرەو ژوور بچێ. لە بەهاری ساڵی ١٣٦١ دا بوو بە فەرماندەی نیزامی لە ناوچەكانی بۆكان و سەقز ولە ٢٦/٠٦/١٣٦٣ دا بوو بە فەرماندەری لقی شەهیدانی دەشتە تاڵ لە هێزی شەهید سەید خەلیل و هەتا ١٩/٠٢/١٣٦٤ بە فەرماندەری مایەوە وشیاوی بەرەو ژوور چون بوو. چونكە لە تەواوی ماوەی فەرماندەری خۆیدا، زۆر بە دڵسۆزی ولێهاتوویی سپاردەكانی خۆی ئەنجام دەدا و لە هەموو ناوچەكانی شوێنی هەڵسوورانی دا ئاگرێكی وەهای بۆ دوژمنانی كردبۆوە كە نێوی تەهاسوور مچوركی مەرگی دەخستە دڵیانەوە و شەو و رۆژ تەنانەت لەناو مۆڵگەكانیشیان دا ئۆقرەیان نەدەگرت و تەمی سام لە سەریان نەدەڕۆیی. لە ئاكامدا لە شەڕێكی توندی ٤ ساعەتەدا كە لە دژی هێزی بەكرێگیراوی حكومەت و جاشەخۆفرۆشەكان لە نێوان گوندەكانی دارێنەو سیاومەدا لە ڕۆژی ١٩/٠٢/١٣٦٤ دا كرا, كاك تەها بە گوللەی خائینان و داگیركەران پێكراو پاش ماوەیەك لە كاتێكدا كە بزەی شانازی لە سەر لێوی بوو. لە ئاخرین كاتی ژیانی پڕلە حەماسە و شانازیدا ئەو رستە جوان و پڕلە ورە و دڵسۆزییەی خوارەوەی بە ڕوو خۆشی و ئەوینەوە گوت و بۆ هەمیشە لە ناو دڵی مێژووی خەباتی سازمانی خەباتدا، بوو بە یادگارێكی بە نرخ و مامۆستایەكی ڕاهێنەڕ. ئەوەش رستە جوان و بەڵگە شیاوەكەی شەهید: [سپاس بۆ خودا ئەوە خەریكە لەم ڕێگە پیرۆزەدا، ڕێگەی سازمانی خەبات. رێگەی رزگاری گەلی كورد، گیانی خۆم فیدا دەكەم و بە ئاواتی خۆم دەگەم.] بەو شێوە بە شانازی وبە دەم بە پێكەنینەوە چاوی ئەمین و پڕ لە ئەوینی لەسەر یەك داناو دڵی ئەوینداری بە باوەڕو ئامانجی گەل و پڕ لە خۆشەویستی كوردستانی لە خوێندا شەڵاڵی لە لێدان ڕاوەستا و گیانی پاك و بەڕێزی بەرەو بەهەشتی شەهیدان بەرێ بوو. و ئەركی پیرۆزی خەباتی بۆ ئێمەی هاوبیرو هاوسەنگەرانی بەجێ هێشت.

5 مانگ و 4 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 26 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

 یادی سەروەری گەل شەهید تەها رۆحی ناسراو بە (تەها سوور)

 یادی سەروەری گەل شەهید تەها رۆحی ناسراو بە (تەها سوور)



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن