ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردان ١٤٠٣، یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی و دووەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی پەخشان عەزیزی لە دادگای بەناو ئینقلابی ڕژیم لە تاران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ،وریشە مورادی، رۆژی یەکشەممە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی دادگادا لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای بەناو ئینقلابی ڕژیم لە تاران کرا. یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە سیاسییە لە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەدا بە هۆی ئامادەنەبوونی دادوەری دووهەمی رژیم لەو رۆژەدا هەڵوەشێندرابووەوە.
ئەم ژنە چالاکە کە پێشتر لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و بەناو ئینقلابی رژیم لە تارانەوە تۆمەتی ساختەی«بەغی»ی وەپاڵ درابوو، لە کۆبوونەوەکەی ئەو رۆژە دا مۆڵەتی وڵامدانەوە و بەرگریکردنی پێ نەدرابوو و ئەبولقاسم سەڵواتی تەنانەت مۆڵەتی بەرگریکردنی بە پارێزەرەکانیشی نەدابوو.
هەروەها دووەم کۆبوونەوەی دادگای پەخشان عەزیزییش لە لقی ٢٦ی دادگای بە ناو شۆڕشی ڕژیم، هەر لەو رۆژە دا لە تاران بەڕێوە چوو.