بەپێی راپۆرتی سەرچاوە هەواڵیەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان ١٤٠٣، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئەمریکا خۆی بە پابەند دەزانێت کە لەگەڵ هەوڵە شەڕانگێزەكانی ڕژیمی ئێران، کە پشتیوانی سەرەکیی ترۆریزمە لە جیهان، بەرەنگاری بکات و توانای گرووپە میلیشیاکانی هاوپەیمانی رژیمی ئاخوندی ئێران بۆ هێرش دژی كارمەندان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لاواز بکات.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرووپی ئەنساروڵڵا ئەوفیا و حەیدەر ئیبراهیم غەراوی، سکرتێری گشتیی ئەو گرووپە تروریستیە دەخاتە لیستی ترۆریستە تایبەتە نێودەوڵەتییەکانەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گرووپی ئەنساروڵڵا ئەوفیا گرووپێکی میلیشیایی لە عێراقە و لەژێر پشتیوانیی ڕژیمی ئێراندایە و بەشێک لەو گروپە تروریستیەیە کە خۆی بە موقاومەتی ئیسلامی لە عێراق ناو دەبات.
هەروەها ناوەندی هزریی واشنتۆن ئەنستیتۆ وتوویەتی کە ئەو گرووپە یەکێک لە گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە لقی قودسی سپای تروریستی پاسدارانە، کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر سنووری سووریە جێگیر بووە".