ڕادەستکردنەوەی حەمید نوری یەکێک لەبکەرانی جینایەتی سامناکی هاوینی 1367 کە بەهەزاران زیندانی سیاسی بە بێ مەحکەمە و بێ پارێزەر برانە بەردەم پەتی ئیعدام، وادەخوازێ جارێکی تر لەسیاسەتی نێونەتەوەیی، بەرژەوەندی و تاکتیکی سیاسیان ورد ببینەوە.
سیستمی سیاسەتی جیهانی بەجۆرێکە هاوشێوەی یاریەک لەلایەن کەسانێکەوە کە هەرکام بەپێی ڕێژەی مەسڵەحەت و قازانج و هەروەها بڕی ئەو تێچووەی کە دەیخاتە کارەوە، بڕیار لەسەر شێواز و چۆنیەتی یاریەکە ئەدات.
سیستمی سیاسی ئێستای جیهان، خۆلاسە بۆتەوە لەسەر قازانجی سیاسی و ماددی وڵاتانی باڵادەستی خاوەن سەرمایە و گوێ لەمست بوونی وڵاتانی لاوازتر.
دانانی جاڕنامەی جیهانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، میساقە نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە ئاشتی و ژیانی ئاسودە و تایبەت بەژینگە و ... کۆمەڵێک یاساو بەرنامەی تر کە تایبەتن بە شێوازی سیاسەتکردنی جیهانی و لەپێناو باشترکردنی دۆخی مرۆڤ داڕێژراون، کەمترین کاریان پێدەکرێت.
ڕواڵەت بوونی ئەو یاسا و بنەما ئەخلاقیانە زۆرکات بۆتە هۆی ئەوەی کە وڵاتانێک سودمەندبن لێی کە تەنیا وەک مشەخۆر دەژین، وەک وڵاتی ئێرانی ئێستای ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندان.
ئەو ڕژیمە ماوەی 40 ساڵە، وەک مشەخۆرێکی دڕندە و ترسناک خوێنی خەڵکی وڵاتەکەی دەمژێت، و کردەوەی قێزەون و کوشت و بڕ لە وڵاتانی دیکەدا پەیڕەو دەکات...
ئەو دەسەڵاتە لەماوەی ئەو چل ساڵەدا، بەردەوام خراوەتە بەر تیغی ڕەخنەو گازندە و خراوەتە لیستی ڕەشی ترۆرەوە لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی گەورە و بچوکەوە، گەمارۆ خراوەتە سەر زۆرێک لە دامەزراوە و کەسانی باڵادەستی، کە تازەترین نمونەش وڵاتی کانادایە کە ڕژیمی خستە لیستی ڕەشی ترۆری وڵاتەکەی، رژیم هەمیشە پلەی یەکەم تا سێیەمی هەبووە لە سەرکوت و جینایەت بەرامبەر خەڵکەکەی و .....
هەموو ئەو ڕاستیانە سەرجەمی وڵاتانی بەهێز لێی ئاگادارن بەڵام دووبارە بەهۆی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانە، ڕژیمی ئاخوندی بەردەوامە لەسەر سیاسەتی دیکتاتۆری و گەندەڵی و بێ بەندوباری خۆی و ڕەنگ بێ بەنەمانی ڕژیم، زۆرێک لە بەرژەوەندیە سیاسی و مادیەکانی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی بکەوێتە مەترسیەوە.
ڕژیمێک کە تەنانەت بەزەیی بە کەسانی ناو بازنەی دەسەڵاتی خۆشی دا نایەت و دوایین نمونەش کوشتنی ئیبراهیم ڕەئیسی جەلاد بەدەستی خۆیان بوو.
پرسیارەکە ئەوەیە ڕژیمێکی وەها مەترسیدار بە گشت جیهان تاکەی ئەبێ لەلایەن وڵاتانێک داڵدە بدرێ و مەعامەلەی لەگەڵ بکرێ؟.
هەر چەند نەمانی پشتیوانی نێونەتەوەیی ئەکرێ قازانجێکی زۆر بگەیەنێ بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ستەملێکراوی ئێران، بەڵام ڕەنگ بێ هیوا هەڵچنین لەسەر ئەو پرسە بێ سوود بێ و هەموو جارێک بە کار و کردەوەیەکی بەرژەوەندیخوازانە ئەوەمان بیر بێتەوە کە تێکوشین بەتەمای جیران وشکە!
تەنیا چارەسەر بوونی ئیرادەیەکی پۆڵایین و نەترسی خەڵکە بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە کە ئامانجی لەناوبردنی یەکجارەکی تاج و تەختی ئاخوندی هەبێ.