هاونیشتمانیانی تێکۆشه‌ری کوردستان!
وه‌فاداران و دڵسۆزانی ڕێبازی پیرۆزی
کوردایه‌تی مامۆستا شێخ جه‌لال حوسەینی!
٣٠ پوشپه‌ڕی ۱۴۰۳ی كۆچی خۆری بەرانبەر ۲۱‌ی ژوئیەی ٢٠٢٤، چوارده ساڵ به‌سه‌ر کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال، ڕابه‌ڕو سه‌رکرده‌ی زانا و که‌م وێنه،تێکۆشه‌ری گه‌ل و نیشتمان و دامه‌زرێنه‌ری سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران، تێده‌په‌ڕێ. به کۆچی دوایی جه‌نابی مامۆستا شێخ جه‌لال، وه‌فادارن و دڵسۆزانی ڕێبازی پیرۆزی له سازمانی خه‌بات و جه‌ماوه‌ر و هاونیشتمانیانی کوردستان، ڕێبه‌ر و که‌سایه‌تێکی دڵسۆزی ناو بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گهلەکهمانیان له‌ده‌ست دا کە خاوه‌نی زیاتر لە نیو سه‌ده له خه‌بات و تێکۆشانی بێ وچان بوو.
مامۆستا له مەدرەسەی کوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ری دا‌و لە بەر دەستی قازی شێخ ساڵح پێگه‌یشت و بە ئەزموون وەرگرتن لە ژیانی سیاسی خانەوادەیی و ڕێوێنیەكانی باوكی،توانی ببێتە ڕێبه‌رێكی دلسۆز،شاعیر‌و نووسەرێكی كەم وێنە، مامۆستایه‌کی ئاینی نیشتمانپه‌روەر،که‌سایه‌تیه‌کی به ئه‌زموون، نوخبه‌ی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان و ئاڵاهه‌ڵگر و پێشه‌نگی كوردایەتی ڕەسەن و خۆماڵیانە.
مامۆستا داهێنەری خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی دوور لە دەستێوەردانی بێگانەكان بوو كە بە دڵسۆزی ڕێبه‌رایه‌تی خه‌باتێکی پاکی له پێناو ماف و ئازادیه‌کانی گه‌له‌که‌مان و دژی زوڵم و زۆرداری كرد.
تێكۆشانی ئەو ڕێبەرە بلیمەتە لە دژی دەسەڵاتی شا و ڕژیمی حەق نەبیست و دیکتاتۆری ئاخوندەکان بەردەوام بوو بۆ کۆتایی هاتن بە زوڵم و چه‌وسانه‌وه و به‌ره‌وپێش بردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد و ئازادیخوازان له ئێران و کوردستان دا.
جەنابی مامۆستا هەر وەك چۆن لە ماوەی دەسەڵاتی پاشایه‌تی دا یەکێک لە پێشڕەوان و تێکۆشەرانی دژ بەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بوو، لە دوای هاتنە سەر حوکمی ده‌سه‌ڵاتی نه‌گریسی ئاخوندیشدا، لە بەرانبەر زوڵم و غەدری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره وهستایهوەو و هیچ کات سه‌ری بۆ دەسەلاتی زۆردار و دژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌مان نه‌وی نه‌کرد. جگە لەمەش شێلگیرانە پشتیوانی له ماف و ئازادیه‌کانی هه‌موو به‌شه‌کانی دیكەی کوردستان کرد و قوربانی بۆ دا‌و هەموو كات خۆی و سازمانی خه‌بات له پشتیوانی کردنی کورد له به‌شه‌کانی دیکه بەردەوام بوو. ئەو هەڵوێست و نیشتمان و گەل خۆشەویستیەش، شانازیەكی دیكەی مێژوویی له خه‌بات و تێكۆشانی، سازمانی خەبات و مامۆستا شێخ جەلال، لە دژی داگیرکه‌رانی کورد و پشتیوانی له دۆزی ڕه‌وای گه‌لی کورد.
مامۆستا ڕێبه‌ری ئاشتیخواز و خەم خۆری یه‌کڕیزی و خه‌باتی یەكگرتوانەی نێوان هێز و لایه‌نه‌کان بوو وە هیچ کات نه‌ی هێشت که سازمانی خه‌بات تێکه‌ڵ به شه‌ڕی براكوژی بێت و دژایەتی و لێکترازانی ناو ڕیزه‌کانی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌مانی كرد. جەنابیان ئیجازەی نەدا سازمانی خه‌بات تێكەڵ بە كێشەی گەورە بێت و وەک ڕێبه‌رێکی ساکار و دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر تا دوا ساته‌کانی ژیانی بۆ بردنە پێشی سیاسه‌ت و به‌رنامه و پیرەوی سازمانی خەبات تێکۆشاو سهرپهرەست و ڕێنوێن و ڕێ پیشانده‌ری هاوبیرانی مایەوە.
هه‌ڵبه‌ت ڕێبه‌رایه‌تی سازمانی خه‌بات و له سه‌روی هه‌مووانه‌وه کاک بابه‌شێخ حسینی سکرتێری سازمانی خه‌بات، زۆر به ئه‌مانه‌ته‌وه و له‌ژێر ڕێنوێنی و ڕاسپارده‌کانی جه‌نابی مامۆستا درێژه‌یان به‌و هزرو باوه‌ڕ و ڕێبازە دا که مامۆستا پشتیوانی لێ ده‌کرد و باوه‌ڕی پێی بوو.
دڵسۆزانی ڕێبازی مامۆستا و سازمانی خه‌بات ،به تێپه‌ڕبوونی ١٤ ساڵه‌ی کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە خۆنەویست و گەل خۆشەویستە دا، په‌یمان له‌گه‌ڵ ڕۆحی به‌رزیان و شه‌هیدانی سوورخه‌ڵاتی گه‌له‌که‌مان و سازمانی خەبات نوێ دەكەنەوە، زیاتر درێژه به‌خه‌بات و تێکۆشان دەدەن له پێناو ئاوات و ئامانجه‌کانی مامۆستا و به‌ره‌وپێش بردنی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی سازمانی خه‌بات وهینانە دیی ئامانجی شەهیدان و ئامانجی مامۆستا شیخ جەلال حوسەینی.
یادی تێپه‌ڕبوونی ١٤ ساڵ به‌سه‌ر کۆچی دوایی مامۆستا به‌رز و بهڕیزبێ
کومیته‌ی ناوه‌ندی سازمانی خه‌بات