خەباتمێدیا: وەک دژکردەوە بە هێرشەکانی تورکیە لە پێتەختی نۆروێژ، دوو چالاکی بەرچاو لەلایەن کوردانی نیشتەجێی ئەو وەڵاتەوە بەرێوەچوو.
خەباتمێدیا: وەک دژکردەوە بە هێرشەکانی تورکیە لە پێتەختی نۆروێژ، دوو چالاکی بەرچاو لەلایەن کوردانی نیشتەجێی ئەو وەڵاتەوە بەرێوەچوو
رۆژی شەممە 20ی رەزبەری 1398ی ک خ بەرامبەر بە 12ی ئۆکتۆبری 2019 لە سەر داوای کۆمیتەی پشتیوانی لە رۆژئاوا، کوردانی نیشتەجێی وەڵاتی نۆروێژ، سەعات 12.00 بۆ 14.00 رێپێوان و گردبوونەوەیەکی جەماوەری بەرین و بەرچاویان بەرێوەبرد. رێپێوانەکە لەبەردەم وێستگەی شەمەنەفەری ئوسلۆ دەستی پێکرد و هەتا بەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئەو وەڵاتە درێژەی هەبوو.
لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژدا پەیامێکی هاوبەش بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و کرمانجی و زمانی نۆروێژی خوێندرایەوە. لەو پەیامەدا داوا لە حکومەت و بەتایبەت وەزارەتی دەرەوەی ئەو وەڵاتە کرابوو کە پشتیوانی لە نەتەوەی کورد بکەن و هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی رێگە لە پەلامار و هەوڵە شەرئەنگێزیەکانی ئوردوغان بگرن بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی بێ تاوانی کوردستانی رۆژئاوا نەبنە قوربانی.
هەر هەمان رۆژ و سەعات 15.00 بۆ 17.00 لەسەر داوای کۆمیتەی دیپلۆماسی کورد لە نۆروێژ رێپێوانێکی جەماوەری دیکە لە بەردەم شەمەنەفەری ئوسلۆ بۆ بەردەم بینای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وەڵاتە بەرێوەچوو.
لەو رێپێوانەشدا بەشداران بە دانی دروشم هێرشەکانی ئوردوغانیان شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ نەتەوەی کورد لە رۆژئاوا دەربڕی.
لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژیشدا چەندین دروشم و پەیام پێشکەش کران بەتایبەت ژمارەیەک پارڵەمانتار و کەسایەتی سیاسی نۆروێژی وتاریان دا و هێرشەکانی حکومەتی ئوردوغانیان بۆ کوردستانی رۆژئاوا مەحکوم کرد و داوایان لە کۆمەڵەی نێونەتەوەیی و بەتایبەت حکومەتی نۆروێژ و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وەڵاتە کرد کە رێگە بە ئوردوغان نەدەن کە درێژە بە پێشێلکاریەکانی بدات و خەڵکی سڤیل و بێ تاوانی کورد قەتڵ و عام بکات.
کاک عەلی بەهرامی و کاک مەحمودی یوسفی هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی نۆروێژی سازمانی خەبات بەشداری چالاکانەیان لە هەر دوو رێپێوان و گردبوونەوەکەدا کرد.