گەلی کوردی خۆڕاگر!
ئافرەتانی ئازاو بوێر و تێکۆشەر!
ئەمڕۆ، چواردە ساڵ بەسەرکۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلالی تێکۆشەر و گەورە سەرکردەی کورد دا تێدەپەڕێ.
چواردە ساڵ لەمەوبەر، بزوتنەوەی کورد لەکوردستانی ئێران یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین سەرکردە و ڕێبەر و ڕێنیشاندەری خۆی لە دەستدا.
چواردە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕێکەوتی ٣٠ی پوشپەڕی١٣٨٩ کۆچی خۆری بەرانبەر بە ٢١/٧/٢٠١٠، مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، دامەزرێنەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و ڕێبەری گەورەی کورد، کۆچی دوایی کردو درز و کەلێنێکی گەورەی خستە ناو ڕەوتی بزوتنەوەی کوردستان.
کۆچی دوایی مامۆستای هەمیشە لە یاد، ژانێکی وەهای خستە دڵی ڕێبوارانی ڕێگەكەیەوە كە تا ئێستاش سارێژ نەبووە و هەتاهەتایە وەک خۆی دەمێنێتەوەوە.
مامۆستای هەمیشە لە یاد، بە هەوڵ و ماندووبونی بێوچانی لەپێناو بەختەوەری نەتەوەکەمان، سەروەریەکی مەزنی بەنسیب بووە، هەر بۆیە ئێمە ڕێبوارانی ڕێگا پیرۆزەكەی و بە گشتی نەتەوەكەشمان شانازی بە ڕابردووە پڕ لە سەروەریەکەی دەكەین.
بێگومان مێژووی پڕ لە شانازی گەلەكەمان كە خاوەنی دەیان چیرۆکی مەزنە، ناو و ناوبانگی ئەم گهوره ڕێبەرەی مێژووی لەنێو بیری خۆیدا هەڵگرتووەو نایسڕێتەوە.
مامۆستای هەرگیز نەمر لە ژیانی سیاسی، ئایینی و كۆمەڵایەتی خۆیدا، لەگەڵ هەوڵی بەردەوامی بۆ بردنە پێشی دۆزی نەتەوەكەمان، هاوكات لەبیری چارەسەری كێشەی چینایەتیشدا بوو.
هەوڵی هۆشیاری هەمەلایەنی ئەداو كاری بۆ ئەوە ئەكرد تاكی كورد بەمافەكانی ئاشنا بكات.
پشتیوانی لە جووڵانەوەی مافخوازانەی ئافرەتان لە كوردستان دەكردو پێی وابوو بەختەوەری ئەو چینە بەستراوەتەوە بە بنەماو بەها جوانەكانی كۆمەڵگا.
پێشكەوتن و گەشەی ئافرەتانی لە هۆشیاری و زانستدا دەبینیەوەو لەم پێناوەدا وانەی بنەماكانی ئەخلاقی دەدا.
مامۆستای ڕێبەرو خەمخۆری تاكی كورد، خەمی پێشێلکاریە گشتیەکانی مرۆڤ بوو لەلایەن دەسەڵات و بنەماڵەوە، هەر بۆیە بەشێک لە خەباتەكەی تایبەت كردبوو بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو باوەڕە لە كۆمەڵگاداو بەشێوەی كرداری و مەیدانی لە پێناو نەهێشتنی توندووتیژی هۆشیاری ئەداو ڕێنمایی دەکردین.
بەرێزیان وا بیری دەكردەوە كەنابێت بەبۆنەی قۆناغی پرۆسەی ڕزگاری، لایەنەكانی وەک ئەرک و ماف و پاراستنی حەقی چینەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بكەوێتە پەڕاوێزەوە.
ئێمە وەک ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی كوردستانی ئێران، ناڕەحەتی و پێناخۆشی خۆمان بۆ کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە مەزنە چەندپات دەکەینەوە و ئەزموون و وانەكانی مامۆستای مەزن بە زیندویی ڕادەگرین و هەموو ڕێنوێنیەكانی دەكەینە چرایەک بۆ ڕووناکی ڕێگای پڕ لە کۆسپ و گەیشتن بە ئامانجەکانمان و ئازادی بۆ تاک بە تاکی نەتەوەی کورد و بە تایبەتی ئافرەتانی چەوساوە، کە تەنیا بە ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕژیمی دژە مرۆڤی ئاخوندی وەدی دێت.
بەردەوامبێ ڕێبازی پڕ لە شانازی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
٣٠ى پووشپهری ١٤٠٣