پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

 سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا قەیتولی ناسراو بە(ئاوارە)

 سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا قەیتولی ناسراو بە(ئاوارە)
یادی سەروەران

یادی سەروەران

 سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا قەیتولی ناسراو بە(ئاوارە)

چەندی داگیركەران لە سەر داگیركردنی خاكمان سووربن. چەندی دژمنانی گەل خەیانەت وكوشت وكوشتار بكەن. چەندی بە دەیان و سەدان تەرمی پیرۆزی ڕۆڵە فیداكارەكانی ئەم ئاو و خاكە بە دەستی دژمنانمان بكەونە سەر عەرز، گەلی قارەمان و كۆڵنەدەری كورد بە چۆكدا نایەت و دەست لە شۆڕش و موبارزە هەڵناگرێت و كاروانی لاوانی كوردستان بەرەو كۆڕی خەبات بێ پسانەوە و حەسانەوە، ڕێگەی خۆی دەپێوێت و تا گەیشتن بە لوتكەی ئامانج درێژە بە ڕێگەی شەهیدە هەمیشە زیندووەكانمان دەدات. دایكانی بەشەرەفی نیشتمان پەروەری كوردەواری لەگەڵ هەر لای لایەو لاواندنەوەیەكی كۆرپەی خۆشەویستیان دەرسی خۆڕاگری و موقاوەمەت لە بەرانبەر دژمنانی گەل و خۆشەویستی دایكی گەورە، واتە كوردستانی نیشتمانی كوردیان فێر دەكەن و هەربۆیە لاوانی بەشەرەفی گەلەكەمان ناتوانن تەحەمولی زوڵم وزۆری داگیركەران بكەن و چاویان بە داگیركەرانی كوردستان هەڵنایەو بەبێ دوو دڵی ڕیزی پڕِ لە شەرەفی كوردەواری هەڵدەبژێرن و بە گیان و دڵ بۆ پاك كردنەوەی كوردستان لە شوێنەواری داگیركەر هەوڵ دەدەن و لەو پێناوەدا دەست لە هەموو خۆشیەكی ژیان هەڵدەگرن، تا ڕادەیەی گیان بەخشین دەڕۆن و بەوپەڕی سەخاوەتەوە گیانی پیرۆزیان دەبەخشن. بەڵێ شەهیدە بەرزەكانمان ڕووناك كەرەوەی ڕێگەی بێ پەڵەی خەباتن و هەر لاپەڕەیەكی ژیانی سەربەرزانەیان دەرسی فیداكاری و موقاومەت فێری رێبوارانی ئەو ڕیبازە دەكەن. داگیركەرانی كوردستان بۆ بەچۆك داهێنانی شۆڕشگێڕان و بەناو خەواندنی شۆڕشی ڕەوای كوردستان لە هیچ چەشنە تاوان و جینایەتێك درێغیان نەكردووە و نایكەن. هەر لە زیندان و ئیعدام و كوشت و بڕەوە بگرە هەتا جاسوس دروست كردن و كردەوەی ترۆریستی لە ڕیزەكانی شۆڕش و مین دانانەوە لە سەر ڕێگەی پێشمەرگەدا ،بۆ چوونە سەری مەبەستە گلاوەكانیان. بەڵام كوا ڕۆڵە فیداكارەكانی گەل، قارەمانانی بار هاتوو لە مەكتەبی فیداكاری وخۆڕاگری دا بەو بایانە دەلەرزن تەنانەت مسقاڵێك لە باوەڕی پتەوەیان بە شۆڕش كز ناكات. قارەمانانی خۆنەویست بۆ چوونە سەری قازانجەکانی گەلی كورد وازیان لە هەر چەشنە قازانجێكی شەخسی خۆیان هێناوە و تا دوا كاتەكانی ژیانی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتیان لە خزمەت شۆڕش و گەلدا بوون لەو پێناوەدا بەوپەڕی شانازییەوە گیانی پاك و پیرۆزیان دەبەخشن و ژمارەیەكی زۆریان دەچنە ڕیزی شەهیدە سوور خەڵاتەكانی شۆڕشی گەلەوە. لاپەڕەكانی ژیانی هەركام لەو شەهیدە سەربەرزانە پڕن لە دەرسی فیداكاری و خۆڕاگری، وەك یادگارێكی بەنرخ لە پاشیان بەجێ ماوە و بۆ بەرەكانی داهاتووی ئەو كوردستانە وەك كتێبێكی بەنرخ بۆ فێر بوونی دەرسی پارێزگاری لە بەرهەمەكانی شۆڕش و خوێنی شەهیدان كەڵكی لێ وەردەگرن.

لە یادی سەروەرانی ئەمرۆماندا یادی ڕۆڵەیەكی دیكە لە مەیدانی خەبات و تێكۆشان دەكەین كە سەرەڕای هەژاری و ئاوارەیی خانەوادەكەی بەوپەڕی لە خۆ بردووییەوە هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگایەتییەوە و لەو پێناوەدا گیانی پاكی پێشكەش بە دایكی نیشتمان كرد. ئەو شەهیدە هەمیشە زیندووە شەهید كاك عەبدوڵا قەیتووڵی ناسراو بە(ئاوارە)یە.

شەهید كاك عەبدوڵا كوڕی عەلی، لە ساڵ (١٣٤٨) لە ئاوایی قەیتوڵی سەر بە شاری جوانڕۆ چاوی بە كوردستانی بەش مەینەت و چەوساوە هەڵێنا. كاك عەبدوڵا لە ژێر باری ستەمی گرانی داگیركەرانی حكومەتی پاشایەتیدا هەر دەهات و گەورە دەبوو كاتێ پێی نایە(٧) ساڵی، باوكی سەرەڕای ئەوەی كە فەقیرو بێ دەرەتان بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی كە جگەر گۆشەكەی وەك خۆی كوێر و بێ دەسەڵات نەبێت ناردیە مەدرەسەو بەفەقیری و هەژاری كەل وپەلی مەدرەسەی بۆ فەراهەم كرد. شەهید عەبدوڵا تا پۆڵی ٥ی ئیبتدایی درێژەی بە خوێندن دا.

 دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی و هاتنە سەركاری خومەینی و دەستەیەك ئاخوندی بێ مێشك لە ئێراندا، هێرشی لەشكەری دەگیركەری ئاخوندی بۆ سەر كوردستان و هەروەها دەست پێ كردنی شەڕی ئێران وعێراق لە سنوورەكانی ئاوایی قەیتول یەكێك لەو سەدان ئاواییەی كوردستان بوو كە كەوتە بەر ئاگری سووتێنەری ئەو شەڕە ماڵ وێران كەرەوە. خەڵكی ئەو گوندە زۆربەیان ئاوارەی عێراق بوون كە یەكێك لەو خانەوادەیە، خانەوادەی شەهید عەبدوڵا بوو. شەهید كاك عەبدوڵا وێڕای خانەوادەکەی، پاش كێشانی تاڵی و ناخۆشی و دەردی ئاوارەیی و دەربەدەری لە ئۆردوگای ئاوارە ئێرانییەكان لە شاری ڕوومادییە گیرسایەوە، ئەو قۆناغەی ژیانی خانەوادەی شەهید عەبدوڵا زۆر سەخت و دژوار بوو. چونكە پیری و كەم توانایی باوكی و خێزانداری خانەوادەکەیان شەهید عەبدوڵڵای وادار كرد كە ڕەنج و زەحمەتێكی زیاتر بكێشێ تا بتوانێ بژێوی ئەوان لە ئاوارەیی و دەربەدەرییەوە دابین بكات و موحتاجی كەس نەبن. شەهید عەبدوڵا وێڕای ئاوارەیی و دەربەدەری و هەژاری خانەوادەكەی بۆ ساتێكیش شۆڕش وپێشمەرگایەتی لە بیر نەكرد. لە ئۆردوگای ڕومادیە وەك ئەندام و لایەنگری سازمان كاری دەكرد و پەیوەندی لەگەڵ سازمان دەوامی هەبوو. پێی خۆش بوو كە زووتر بێتە ڕیزی پێشمەرگایەتی سازمانی خەباتەوە. شەهید عەبدوڵا لە ڕێكەوتی ١/رەزبەری/١٣٦٨دا بە باوەڕێكی پتەو بە شۆرش هاتە ڕیزی پێشمەرگایەتی سازمانی خەبات و پاش ڕاهێنان و بارهێنان نێردرایە مەڵبەندی یەكی سازمانەوە. شەهید عەبدوڵا كوڕێكی قسەخۆش و لەبەر دڵان بوو. بەردەوام خەریكی موتالەعەو بردنە سەری پلەی زانیاری خۆی وهەڤاڵانی بوو. شەهید عەبدوڵا بە هۆی دڵسۆزی ودڵپاكی لەو ماوە كەمەی پێشمەرگایەتیدا کە لەخۆی نیشان دا، كرا بە كادری بێ سیمی مەڵبەندی یەك و زۆر دڵسۆزانە ئەو ئەركەی بەڕێوە برد. شەهید عەبدوڵا لە بەهاری ١٣٦٩دا لەگەڵ دەستەیەك لە پێشمەرگەكانی مەڵبەندی یەك بۆ گەڕانی سیاسی نیزامی بەرەو ناوچەكانی جنوبی كوردستان بەرێ بوون. پاش گەڕانێكی چەند ڕۆژ لەو ناوچانە شەهید عەبدوڵا لەو مەئمورییەتەشدا زۆر هەڵسوڕاوانە كاری كرد. بەڵام داگیركەرانی كوردستان كە لە ترسی پێشمەرگە لە هیچ كونێكدا جێگەیان نابێتەوە، سەرەڕای مین گوزاری پایەگاكان، ڕێگەوبان و شاخی و كێوی كوردستانیشیان بە مەوادی (تەقەمەنی) ومین پڕ كردبوو تا بەخەیاڵی خاویان بەر لە جموجۆڵی پێشمەرگە بگرن. لە درێژەی گەرانی پێشمەرگەكانی سازمان لە ناوچەی بانە شەوی ٢٠لەسەر٢١ی جۆزەردان شەهید عەبدوڵا لەگەڵ چەند هەڤاڵێكی دیكە كە بۆ مەئموورییەتێكی سازمان دەڕویشتن لە ساعەت ١٢ی شەودا مینێكی تەڵەیی بەهێزی بەكرێگیراوانی ڕژێمی ئێران كە لە پشت ئاوایی نیروانی ناوچەی بانە نرابۆوە لە ژێر پێیاندا تەقییەوەو شەهید ئاوارە وهەڤاڵێكی دیكەی شەهید بوون و ژیانی پێشمەرگایەتی شەهید عەبدوڵا وەك ژیانی خۆی جوانەمەرگ بوو. تەرمی پیرۆزی شەهید عەبدوڵا بە ڕەنج و زەحمەتی هەڤاڵانی گوێزرایەوە بۆ گۆرستانی ڕۆمادییە و لەخاكی غوربەت و ئاوارەیی چووە باوەشی خاكەوە و گیانی پاكی بەدایكی نیشتمان كوردستانی خۆشەویست بەخشی.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید ئاوارەو هەڤاڵانی

4 مانگ و 11 کاتژمێر و 14 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

 سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا قەیتولی ناسراو بە(ئاوارە)

 سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا قەیتولی ناسراو بە(ئاوارە)



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن