خەباتمێدیا: لە دوای هێرشی حکومەتی ئوردوغان و گروپە تیرۆریستیەکان بۆ سەر خاکی کوردستانی رۆژئاوا، وەک هەمیشە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانی ئێران ڕژانە شەقام و
خەباتمێدیا: لە دوای هێرشی حکومەتی ئوردوغان و گروپە تیرۆریستیەکان بۆ سەر خاکی کوردستانی رۆژئاوا، وەک هەمیشە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانی ئێران ڕژانە شەقام و پشتیوانیان بۆ خۆراگری رۆژئاوا دەربڕی. لە دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە ١٧ی رەزبەر، سەرۆک کۆماری تورکیە رەجەب تەیب ئوردوغان لە ژێر ناوی (کانی ئاشتی) فەرمانی بە هێزەکانی دا پەلاماری خاکی کوردستانی رۆژئاوا بدەن و هەر لە سەرەتای ئەو پەلامارانەوە هێزەکانی تورکیە دەستیان لە کەس و بەتایبەت خەڵکی سڤیل نەپاراست و جینایەتی زۆریان خوڵقاند، خەڵکی شارەکانی کوردستانی ئێران وەک هاوسۆزی رژانە شەقامەکان و ئەو پەلامارانەی حکومەتی تورکیەی فاشیستیان مەحکوم کرد و دەنگی خۆیان خستە پاڵ هەموو ویژدانێکی زیندوو پشتیوانیان بۆ خەڵکی زوڵم لێکراوی رۆژئاوا دەربڕی. خەڵکی شارەکانی مەهاباد، پیرانشار، بانە، سنە، مەریوان، سەقز، کرماشان، بۆکان، جوانرۆ، پاوە، ئیلام، کامیاران، دێولان و چەندین شار و ناوچەی دیکە لە دوو رۆژی رابردوودا بە دانی دروشم و خوێندنەوەی پەیام دژایەتی خۆیان لەگەڵ هێرش و جینایەتی حکومەتی ئوردوغان لە کوردستانی رۆژئاوا دەربڕی و داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد بەر بە دڕندەییەکانی ئوردوغان بگرن و پشتیوانی لە هێزە کوردیەکان بکەن کە لە ٧ ساڵی رابردوودا هاوشان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە شەڕی تاقمە تیرۆریستەکان بەشدار بوون و بەشێک بوون لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، وە لە پێناو پارێزگاری لە مرۆڤایەتی و بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی زیاتر له ١١ هەزار شەهیدیان داوە. شایانی گوتنە هاوکات لەگەڵ نارەزایەتیەکان لە بەشەکانی کوردستان، کوردانی دیاسپۆڕا لە زۆربەی وەڵاتانی ئوروپایی و ئامریکا رێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەریی بەرینیان بەرێوەبرد و کردەوەکانی ئوردوغانیان شەرمەزار کرد.